دۆنی ئارام و جیهانی ئاڵۆز

یەکەم جار کە کتێبی شۆلۆخوفم خوێند ئەگەڕێتەوە بۆ بیست ساڵ لەوەو پێش. ناوی کتێبەکەش “زەوی ئاوەدان کراو” بوو سەبارەت بە پلانی هاوبەش بوونی زەوی واتە کشت و کاڵ لە لاێەن یەکیەتی سۆڤیەت . لەوسەردەمە کشت و کاڵی خەڵکی لادێ بە شێوەێکی هاوبەش دەکرا و کەس خاوەن زەویکی تایبەت نەبوو. هەموو ئەم کتێبە سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی خەڵک لەو ساڵانە بوو.

ئەوساڵ خەریکی خوێندنی کتێبی دۆنی ئارامم. ئەم کتێبە ٢٠٠٠ لاپەڕەیەو لە ۴ بەرگ نووسراوە. کتێبی دۆنی ئارام سەبارەت بە ئاڵ و گۆڕی خەڵکی قەزاق لە نزیک ڕووباری دۆنە و ڕووداوەکان ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٩١۴ هەتا ١٩٢٠، کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە پیاوێکە بە ناو گریشکا لە بنەماڵەی مێلۆخۆف.

ڕووداوەکان ئەگەرێتەوە بۆ چەند سال پێش شۆڕشی ١٩١٧ لە ڕووسیا، لەو سەردەما خەڵکی قەزاق لە ناو گەرمی شەڕی ئاڵمان بوون و شەڕی یەکەمی جیهانی بەردەوام بوو. ئاڵمان لەم شەڕە بە تەواوی دووڕاو پاشەکشەی کرد هەر ئەم دوورانەش بووە هۆکاری شەری دووهەمی جیهانی و تۆڵەسەندنەوەی هیتلێڕ.

یەکەم شتێک کە بوو بە هۆکاری شۆڕشی ١٩١٧ پڕۆپاگاندای حێزبی بلشویک بوو کە دەیانگوت ئێمەوئاڵمان نابێ شەڕی براکۆژی بکەین و ئەم شەڕە بۆ پاراستنی سامان و پارەی چینی سەرماێەدارە و بۆ ئێمە سوودی نیە. ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنی بلشویکەکان لە بەرەی شەڕ هەموو ڕۆژێک بڵاو ئەبوو.

ئاڵمان پێ خۆش بوو ئەم بیرۆکە لە ناو خەڵکی ڕووسیا بڵاو بێتەوە و تەنانەت یارمەتی لێنینی ئەدا لەبەر ئەوەی شەڕەکە کۆتایی بێت. ڕووسیا پاش شەڕی یابان بە گشتی لاواز بوو و شەڕی ئالمانی پێ ناکرا. هەموو ئەم ئاڵ و گۆڕە بوو بە هۆی ڕووخانی حکوومەتی تێزاری ڕووسیا.

خەڵکی قەزاق لە ناو ئەم کتێبە دوو بەرەی بە تەواوی جێاواز پێک دینن. یەکیان لاێنگری بێلشویک و کۆمۆنیستە و بەرەی دیکەش لاێنگری تێزار و دەسەڵاتی کۆن. هەڵبەت ئەو بەرەی کە لاێنگری تێزار و دژە کۆمۆنیستن زۆربەیان ناسیوناڵیستن و پێان خۆشە کە ولاتی قەزاق دامەرزینن بەڵام بیرۆکەی چەپ و ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیست ئەوەندە بە هێزەو لای خەڵک سەرەنج ڕاکێشە کە ناسیۆناڵیستی قەزاق ناتوانێ بەرگری لە خوێ بکات و پاش شەڕێکی ناوخۆ لەشکری قەزاق تێک دەچێت و لەشکری سوور و هێزەکانی کومیتەی حێزب هەموو ڕووسیا دەگرێت.

ئەم کتێبە جاروبار لەم دنیایە کە تێدا ئەژیم دابڕانێک درووس ئەکات و ئەمباتە ناو قووڵایی ڕۆمانەکە پێم خۆشە تەواو نەبێت و جاروبار وەکوو چێشتێکی خۆش کەوچکێکی لێ بخوەم.

 

 

ژن و گواستنەوەی کەلتوور

ئەڵێن لەو سەردەمە کە ژێرمەنەکان لەگەڵ سۆپای ڕوم شەڕیان دەکرد (ساڵی ۹ و ۱۶ زایینی). سۆپای ڕوم ژن و منداڵی خۆی لە پشتەوە دائەنا و خۆی دەچووە پێش لەبەر ئەوەێ کە هەرکات شارێکیان داگیر کرد. بە خێرایی ژن و منداڵەکانیان بۆ ئەو شارە بگوازن و شارەکە بە گشتی داگیربکەن. ئەم شێوە بۆ ڕومیەکان زۆر مەترسی دار و سامناک بوو لە بەر ئەوەی کە ئەگەر هێزی عەسکەری شارێک داگیربکات ناتوانێ کەلتوور و زمان و تەنانەت دینی خۆی لەو شۆێنە جێگیرکات و پاش ماوەێک ئەو شۆێنە چۆڵ دەکات.

بەڵام باسی ژن زۆر جێاوازە. کە ژن هات و نیشتەجێ بوو منداڵیش بە دوای ژن دێت، پەروەردەو کەلتوور و زمان و دین و داب و نەریت و ڕەوشتی ژیانیش لە گەڵی دێت و ئەو وڵاتە بۆ هەتاهەتاێە ئەگۆڕدرێ. لەبەر ئەوەش بوو کە ڕۆمیەکان لەو شێوە شەڕە کە ژێرمەن دەێکرد زۆر دەترسان.

 ئەگەر چاو لە هێرشی مۆغول بکەین سۆپای مۆغول بە سەرکرداێەتی چەنگیزخان وڵات و شاری زۆریان وێران کرد و زۆر شوێنیان داگیر کرد. بەلام بەس ئەوانە سۆپای عەسکەری بوون لە بەر ئەوە کە بە خێزانەوە نەڕویشتن نەیانتوانی کەلتوور و داب و نەریتی خۆێان لە هیچ شۆێنیک دابمەرزێنن.

جا چەنگیزخان بۆ خۆی دەیگۆت ئیمە بەس لەسەر ئەسب حکوومەت دەکەین و ئیش دەکەین، هەرکات لە سەر ئەسب دابەزین ئەدی ناتوانین حکوومەت بکەین و نیشتەجێ بین. جا باسم لەسەر ئەوە بوو کە ژن کاریگەری زۆری لەسەر پارستن یان لەناوبردنی کەلتوور و داب نەریت هەێە.

تەنانەت ئەگەر چاو لە کۆچ کردن و پەنا بردن خەڵک بکەین بۆ نموونە لە فەڕانسە و ئێنگلیس ژمارەێ پەنابەری مۆسڵمان زۆرە و زۆربەیان بە ژن و منداڵ لەوێ ئەژین لەبەر ئەوەش کەلتووور و دینی خۆێان پاراستووە و ئەو شوێنە بووەتە وڵاتی ئیسلامی! بۆ نموونە ئەتوانین ئاماژە بە شاری بیرمەنگام لە ئێنگلیس بکەین.

هاوڕێان ئێنگلیس ۶۰۰ دانە مزگەوتی هەێە، ۶۰ دانە قۆتابخانەی ئیسلامی هەێە. زۆربەی ئەو خەڵکە بە بنەماڵەوە ڕۆیشتن بۆ ئەو شارە و نیشتەجی بوون هەر بۆێە کە داب و نەریتی خۆیانیش گواستوەتە ئەوێ جا ئەگەر چاو لە دیاسپۆرا و دەستەبژێربکەین کە بە هۆی درێژەدان بە خۆێندن یان دۆزینەوەی کار وەکوو تاکی کەس ڕویشتوون بۆ هەندەران، لە بەر ئەوەی کە ژن و منداڵ لە گەڵیان نەبوون نەک هەر کەلتوور و داب و نەریتی خۆێان نەماوە تەنانەت لە ژێر کاریگەری ئەو کەلتوورەش هەن. پێم واێە خەڵکی ئوروپا ئەبێ لە کۆچی بنەماڵە زۆرتر بترسێ تا کۆچی تاکی کەس واتە تاک ئاسانتر لە گەڵ کۆمەڵگا تێکەڵ ئەبێت.

ئەم باسە تەنیا بۆ کۆچ کردن و پانابەری نیە. هەر لە وڵاتیش ژن کاریگەری لەسەر کەلتوور و پاراستنی داب و نەریت و زمان لە پیاو زۆرترە. لە ڕاستیدا ژن یەکەمین سەنگەری پاراستنی زمان و کەلتوور و داب و نەریتە.   

زۆنی زەرد و باشووری کوردستان

ڕەخنە گرتن لە هەموو شتێک بووەتە کاروباری خەڵک، جا لە نێو کۆردەواری خۆمانە ئیرەیی یان حەسوودی دەبێتە هۆکاری زۆربەی لە ڕەخنەکان. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک پارەی زۆری بێت ئەڵێن ئەوە دزی کردووە. ئەگەر کۆمپانیاێک بەرەو پێش بڕوات ئەڵێن ئەوە سەربە ڕژیمە یان سەر بە حکوومەتە.

بێ بەڵگە قسە دەکەن و تەنانەت نایانهەوێ یەک کەس لە خویان باشتر بێت. دیارە ئەم ڕوانگە گەیشتووە ئاستی حکومەت و حێزبە سیاسیەکانیش.

لەهەر چوارپارچەی کوردستان نەرینی زۆر بەرامبەر بە حێزبی پارتی واتە پارتی دێمۆکراتی کوردستان هەێە. بۆ نموونە ئەڵێن هەموو پارتی دزە، پارتی جاش و پیاوی تۆرکیا و دەزگاێ ئاسایشی میتە، پارتی دیکتاتۆرە و هەزار شتی  دیکە. زۆربەی لە ڕەخنەکان لەبەر ئەوەێە کە پارتی بە هێزە و باش ئیش دەکات.

جا ئەگەر لەو کەسە کە ڕەخنە دەگرێت ئەپرسی باشە تۆ لاێنگری کام حێزبی وڵام ئەداتەوە حێزبی x  یان y جا ئەگەر چاو لە حێزبەکەێ دەکەیت هەزار جار لە پارتی خراپترە و بە دریژایی تەمەنی یەک ئەرک و پلانی خۆی جێ بە جێ نەکردووە و هیچ دەسکەوتێکی نەبووە.

یان ئەڵێن من هیچ حێزبێک بە باش نازانم و لاێنگری هیچ کامیان نیم. برا و خوێشکی خۆشەویست خەباتی سیاسی لە هەر وڵاتێک بە حێزب و لێژنە و دەنگ دان دیار دەبێ لەوڵاتی ئامریکا دوو حێزبی سەرەکی هەێە، دێمۆکرات و کۆماری خواز. کاتی دەنگ دان ناتوانی بڵی هیچ کامیان باش نین ئەگەر بتهەوی لە داهاتووی سیاسی ئە وڵاتە بەشدار بیت ئەبێ یەکیان هەڵبژێریت لێرەدا کەوانێ بکەمەوە (ئەویش ئەوەیە لە وڵاتی وا لاێنگری دیمۆکراسیەو حێزبی ڕاستەقینەی هەێە و دەنگ دان بەس شانۆ نیە ).

بۆ درێژەدان بە دێمۆکراسی دەنگ دان ئەرکی سیاسی هەمووکەسە. بەڵام لەو شوێنە کە دیکتاتۆری خۆی سەپاندوە بە سەر ئێرادەی خەڵک، مێدیا و ڕۆژنامەکان و حێزب ئازاد نین دەنگ دان تەنیا پەسەند کردنی دیکتاتۆرە و نەک شتیکی دیکە.

بە ڕای من لە حکوومەتی هەرێم یان لە هەر چوارپارچەی کوردستان زۆنی زەرد لە هەموو بوارێکدا واتە ئەمنی، ئابووری، ئازادی، فرەڕەنگی، لە زۆنی سەوز باشترە و تەنانەت بارودۆخی زۆنی سەوزیش لە عێراق باشترە.

ئەدی ئەگەر ئەم شتە ڕوونەو هەموومان دەزانین زۆنی زەرد واتە هەولێر و دهۆک و زاخۆ دەستکردی پارتیە. بە وتەی کوردی دار بە بەریا بناسە ئەگەر ئەو دارە میوەی باشی بوو ئەتوانی بڵی ئەو دارە چاکە. پێم ناکرێ بڕۆمە قووڵایی باسەکانی هەرێم و کێشەی حێزبایەتی و سیاسی لەوێ بەڵام ئەو شتەی کە دیارە و حاشاهەڵنەگرە ئەمانەیە: ئاوەدانی هەولێر و زۆنی زەرد، پێشکەوتنی پارتی و هەبوونی پرۆژەی سیاسی و ئابووری لە لای پارتیەو.

بەس یەک پرسیاری گرینگیش دێتە ئاراوە، ئەگەر لە کوردێک  کە لە باشوور و پارتی ڕەخنە دەگرێت و لە خۆڕا جنێو ئەدا بە ئەم کەس و ئەوکەس پرسیار بکەین بڵین باشە تۆ وەکوو تاکی کورد لە کام شار پێت خوشە کار بکەیت و ژیان بکەیت؟

بۆنموونە عەفرین؟ سنە وکرماشان و ورمێ؟ دیاربەکر؟ یان هەولێر؟ وڵام دان بەم پرسیارە زوربەی کێشەکان جێ بە جێ دەکات.

بەڵام شتێکی دیکەش لە باشوور هەیە کە پێم خۆشە باسی بکەم ئەویش هەڵەی ئێرانیە!

لە ئێران هەڵەیک لە لاێەن حکوومەت بوونی هەێە کە ئەویش Centralize یان ناوەندگرایە

تاران بووەتە قیبلەی ئێران، ژمارەی دانیشتوان لە تاران گەیشتووە بە ۲۰ ملیۆن  کەس. کێشەی هاتوچوو،پیس بوونی هەوا، بەرز بوونی کرێ خانوو و هەزار کێشەی تر درووس بووە. لە تاران ئاساییە ئەگەر مانگێ ۳۰ ملیۆن تمەن (۶۰۰ دۆلار) داهاتو بێت واتە سێ هێندەی شارەکانی دیکەی ئێران دەبێ هەمووی بدەی بە کرێ خانوو و کرێ هات و چوو.

چڕوپڕکردنی هەموو شتێک لە تاران ئەبیتە هوێ لاواز بوونی ئەو شارەکانی دیکە، هەزاران کێشەی ئابووری و ئەمنی لە داهاتوو دەخۆڵقێت ئەم مەترسیە ش لە حکوومەتی داهاتووی هەرێمیش بوونی هەێە.

هەڵەێکی تر لە ئێران هەێە ئەویش هەژماری فەرمانبەری دەوڵەتی لە ئێرانە. لە ئێران مووچەیکی زۆر بە ۳ تا ۴ ملیۆن فەرمانبەر تەرخان دەکرێت. با بڵین ئەگەر داهاتی وڵات لە فرۆشتنی نەوت و باج وەرگرتن لە خەڵک و کۆمپانیاکان  کەم بێت حکوومەت ئەبێ یان قەرز بکات و ئەم کەم وکۆڕی ئەبێتە هوێ کێشەی زیاتر. ئەم مەترسیە لە حکوومەتی هەرێم زۆرە ژمارەی مووچەخۆران و فەرمانبەران لەوێ زۆرە و گەیشتووە بە ۱٫۵ ملیۆن کەس بە وتەیک ۸۰ لە سەدی داهاتی هەرێم بۆ مووچە تەرخان دەکرێت نەک بۆ بیناسازی و خزمەتگۆزاری گشتی و درووستکردنی ژێرخانی ئابووری.

ئەمە کێشەێکی مەترسیدارە بۆ ئاڵ و گۆڕی ئابووری حکوومەتی هەرێم و دەبێ حکوومەت هەوڵ بدات بۆ گەشە سەندنی کەرتی تایبەت و دامەزراندنی کۆمپانیا و پاڵپشتی لە بەرهەم هێنان و کشت و کاڵ و ….

 

ژووری کوردی لە کڵاب هاوس

چەند مانگێکە سەردانی کڵاب هاوس دەکەم و بە دڵنیایی و دەڵێم لەم ماوەدا زۆر شتی لێ فێر بووم. بە داخەوە زمانی کوردی ناوەڕۆکی زۆری بۆ درووست نەکراوە هۆێ سەرەکیشی ئەوەێە کە کورد بێ دەوڵەت و بێ حکوومەتە و تەنانەت زمانە کوردیەکەش باش نەپارێزراوە بەڵام ئێستا هەموو کەسێک دەزانێ کە ناوەڕۆک تەنیا نووسین و وشە نیە بەڵکو یوتیوب و کەست باکس و … دەریان خستوە کە دەنگ و ڕەنگ دەتوانن کاریگەری زۆریان لە سەر کەلتوور و زمانی ئەو میلەتە بێت.

خاڵێکی گرینگ لە کڵاب هاوس تۆمار کردنی باسەکانە ، بە یەک جار کلیک کردن لە سەر Replay هەڵبەت بەو مەرجە کە on بێت هەمووی باسەکە دابگریت و دوایی لە سەر خۆ ئەگەر ۱۰ کات ژمێریش بێت گۆی بدەیت. مەرج نیە بە شێوازی سەر هێڵ لە ژوورە کە بەشدار بیت.

لەم چەند مانگە ئەم شتانەم بیستووە کە زۆر پێم خۆش بووە: مێژووی ڕۆژنامەوانی کورد، ئەدەبیاتی کوردی، سینەمای کوردی، زمان و ناسنامەی کورد و باسە جواروجورەکان لەسەر کۆمەڵگاو کێشەی سیاسی کورد و هەزاران باسی دیکە.

بەشدار بوون و گۆی دان لە سیستەمێکی بەر بڵاو وەکوو تٶڕە کۆمەڵایەتیەکان دەبێتە هۆێ گەشە سەندنی کەلتووری و ڕۆشنبیری لە نێوان خەڵک دا. ڕەنگە ئەو باسانە لە مێدیای کوردیش بکرێت لە سەریشی باس بکەن بەڵام ئەو سیستمە حێزبی و چڕکراوە ناتوانێ ببێتە نوێنەرێک بۆ دەنگی هەموو خەڵکی کوردستان. لە ڕاستیدا ئەم کڵابە ئەبێتە هۆێ ڕاهێنانی پلورالیسم و فرە دەنگی.

تەنانەت ئەگەر کەساێەتی سیاسی و حێزبیش بێتە ناو کڵاب دەبێ بە قسەی خەڵک گۆێ بدات و ڕەخنەو پێشنیاری ئەوان ببیستێ و سەرەنجی پێ بدات. ڕەنگە مەترسیک لە لایەن نووسەران و چالاکانی زمانی کوردی بێت کە ئەدەبیاتی دەنگی یا Vocal دەبێتە هۆێ لاواز بوونی شێوەی نووسین و ناوەڕۆکە کوردیەکە بە شێوازی تێکست ئەڕواتە پەراوێزەوە بەڵام لای من وا نیە یا باشتر بڵێم من وا بیر ناکەمەوە.

بۆ باش نووسین ئەبێ باش بخوێنین. مێشک بۆ ئەوەی بتوانێ وشەکان دیار بکات پێویستی بە خواردنی وشەکان هەێە جا ئەم وشە و بیروکە لە هەر کوێ بێت پیرۆزە، لە مێدیای کوردی بێت، لە کڵاب هاوس بێت، لە کتێب خویندن و شانۆ و فیلم و گۆرانی … یان هەر شوێنێکی دیکە. نووسەر ئەمانە وەکوو ئامرازێک دەبینێ کە کٶیان بکاتەوە و لە ڕێزی سپای خۆێ بەکاریان بێنێت.    

چێژوەرگرتنی نهیلیستی

پێم خۆشە کە بیری پێ نەکەم، ئەمەش فەلسەفەێکی نوێ لە نێوان خەڵکی شارە. جا نازانم سەرچاوەکەی چیە و لەکوێ هاتوە؟ ئەگەر وەکوو مامۆستایکی زانکۆ یان پسپٶڕێکی بواری فەلسەفە چاوی لێ بکەم ئەڵێم مانای ئەم وتە “چێژوەرگرتنی نهیلیستیە”.  دەمێکە باسی عێرفان و سۆفیگەری لەناو خەڵکا زۆر بووەتەوە. هەڵبەت ئەم جارە نەک بە پرچی دەروێش و عابای شێخ بەڵکوو بە شێوازێکی مٶدێرن (لە ڕەواڵەت) هاتووەدە مەیدان عێرفانی ئەوڕو لە سنە لە لاێن تاران و شارە فارسەکان ڕوانەی سنە کراوە و لە ڕاستیدا شەلەمێکی ناخۆشە لە عێرفانی مەولانای ڕومی،ئۆشو،عەتاری نەیشابووری، فەلسەفەی هێندی و هەزاران شتی ناخۆشی دیکە.

جا ئەگەر فارسەکان و خەڵکی ئێران کتێبی سۆفیگەری کەسرەویان بخوێندایات بە بڕوای من هیچ کات بە دوای ئام شتانە ناکەوتن و پاشان بویان دەرئەکەوت کە سۆفیگەری و عێرفان چە خەسارێکی گەورەی لە دانیشتوانی ئەم وڵاتە داوەو چەندە بیرومێشکی خەڵک لە سەر ئەم شتانە ئاڵۆز بووە.

جاروبار کە لەگەڵ ئەم جەماعەتە قسە دەکەم ئەڵێم سوودی ئەم فەلسەفە چیە ؟ ئەڵێن ئێمە ئارام دەکات و ئەدی بە هیچ شتێک بیر ناکەینەوە، ئەڕوینە ناو لەشی خۆمان و دنیا بە جێ دێڵین، منیش گاڵتەیان پێ دەکەم و ئەڵێم خۆ بە شەراب خواردن و تریاک کێشانیش ڕێک هەروات لێ دێت و هەموو شتێک بۆ ماوەێکی کۆرت لە بیر دەکەیت جا ئەمەش خۆ شتێکی نۆێ نیە.

ئەمن بۆ خۆم باوڕم بەم شتانە نیە و ئینسان بە ورە و جم و جٶڵ دەبێتە ئینسان، هەروەها دەبی خەفەت و ڕەنج و ناخۆشی لەگەڵ ژیان تێکەڵ بێت تا ژیان مانای ڕاستەقینەی خۆێ بدۆزێتەوە.

 

ئابڕوو چوونی یۆتۆپیا

ئابڕوو چوونی یۆتۆپیا نووسینی Nima Sanandaji

خوێندکارانی چەپ لە زانستگا و سیاسەت مەدارانی بە ناو بانگ لە ئامریکا وەکوو بێرنی سەندێرز یان هیلاری کلینتون و بیل کلینتون و تەنانەت ئۆباما یەک خاڵی هاوبەشیان هەیە ئەویش لاینگری لە سوسیال دیمۆکراسی لە وڵاتانی نۆردیک واتە باکووری ئورووپایە، نیما سەنەندەجی لەم کتێبەدا ڕوونی دەکاتەوە بۆ ئەم بیرۆکە هەڵەیە ؟ بە پێچەوانەوە ئەم وتارانا وڵاتانی نۆردیک خاوەنی سیستەمی ئابووری ئازادن و ئەو پڕوپاگاندایە کە چەپی ئامریکا و وڵاتانی دیکە سەبارەت بە نۆردیک دووپاتی دەکەنەوە دوور لە ڕاستیە.

ئەم کتیبە بە ناوی:  Debunking Utopia: Exposing the Myth of Nordic Socialism

لە ۲۴۰ لاپەڕە و ساڵی ۲۰۱۶ بڵاو بووەتەوە و لە ئێرانیش لە لایەن مۆحەمەد ئەمینی عامێری وەرگێڕاوەتەوە بە فارسی و بڵاوکەرەوەی “دنیای اقتصاد” لە ساڵی ۱۴۰۰ بڵاوی کردوەتەوە.

بۆ سۆسیالیسم بەرەو دیکتاتۆری دەڕوا ؟ هەندێک لە چەپەکان دەڵێن ئەوەی کە کۆریای باکوور دەیکات یان لە سەردەمی یەکیەتی سۆڤیەت ڕووی دابوو هیچ پێوەندیکی لە گەڵ ئامانجەکانی مارکسیسم نەبووە و بۆنموونە مارکس نەیگوتوە خەلکی یەکیەتی سۆڤیەت ئەگەر بڕۆن بۆ شارێکی تر دەبی ئیجازەنامە و پاسپۆرت مۆر بکەن بەڵام کێشەی وتەکانی مارکس یان ڕێبەرانی کۆمۆنیست بە تایبەت لە بواری ئابووری دێتەوە سەر یەک وشە ئەویش پلان دانانی چڕکراو (Central planning)، ئەم شێوە بیروباوڕە بەرەو دیکتاتۆری و بە هێز بوونی حکوومەتی ناوەندی دەروات و ئەم بە هێز بوونە ئەبێتە کۆسپێک لە سەر ڕێگای ئازادی و دیمۆکراسی.

ئەگەر بە وردی چاو لە ئازادی ئابووری و ‌هێڵکاری وڵاتانی نۆردیک بکەین کە لێرە دانراوە سەردیڕەکەی  Index of Freedom  Economic دەبینین کە وڵاتانی نۆردیک لە سەرەوەی چارتەکەن بو نموونە وڵاتی هۆلاند، فینلاند، دانمارک و سۆید، لە پلەی ۸ تا ۱۱ جێگیر دەبن و تەنانەت وڵاتی ئامریکا کە ناسراوترین وڵاتی کاپیتالیستە (بە وتەی چەپەکان) لە پلەی ۲۵ ئەم هێڵکاریە ئەو ڕاستیە دەردەخا کە وڵاتانی نۆردیک لە گرینگترین بواری ئابووری واتە Economic Freedom لە ئامریکا سەرمایەدارترن.

ئەم چارتە لە لایەن Heritage Foundation و The wall street journal درووس بووە، پێوەرەکانی ئەم هێڵکاریە بریتیە لە گەورە بوونی ‌حکوومەت، ماڵیات، خەرجی حکوومەت هەروەها لە بواری یاری دان بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دەتوانین بەم پێوەرانە ئاماژە بکەین: ۱ – ژمارەی کۆمپانیاکان ۲- ماوەی درووست کردنی کۆمپانیا و کێشەی ئیجازەنامە ۳ – تێچوونی دامەزرانی کۆمپانیا ۴ – ماوەی داخستنی کۆمپانیا ۵- ئیجازەنامە و مۆڵەت و … بەهەر شێوەیک چاو لە وڵاتانی نۆردیک بکەین دەزانین هیچ پێوەندیکیان لە گەڵ سۆسیالیسم و سیستەمی پلان دانانی چڕکراو نیە.

دەوڵەتی ئاسوودە ژیانی (The welfare state) لە وڵاتانی نۆردیک بە پێ خەرجی زۆر تووشی کێشە بووە و تەنیا وڵاتی نۆروێژ توانیویەتی سیاسەتەکانی درێژە پێ بدات ئەمەش بە هوێ داهاتی نەوت بووە. ئەم وڵاتانە پارەێکی باش بە پانابەران و کۆچەران دەدەن و پێداویستیەکانی ژیان دابین دەکەن سەرەڕای تێچووی  زۆر بو حکوومەت ئەم سیاسەتە ئەبێتە هۆی ئەوە کە پانابەران بە دوای کار و پێشە نەڕۆن و زۆربەیان بێکار بن. هەروەها ئەم پەنابەرانە لەبەر ئەوە بژیوی ژیانیان دابین بووە هەوڵ نادەن کە تێکەڵی خەڵکی ئەو وڵاتە بن و تەنانەت پاش ۱۰ یان ۱۵ ساڵ  زمانی ئەو وڵاتە فێر نابن.

هەبوونی بیروباوڕی ئێسلامی توندڕەو لە نیوان پەنابەرانی ئورووپا و وڵاتانی نۆردیک ئەم ڕاستیە دەردەخا کە ئەوان نەیانتوانیوە لە گەڵ کەلتوور و بنەماکانی کۆمەڵگا تێکەڵ بن و لە ڕاستیدا هاندەرێکیان نەبووە کە مێشکیان بگۆڕن و ئەم کێشە لە ئەستۆی حێزبە سۆسیال دێمۆکراتە. هەروەها شەری حێزبایەتی لە وڵاتی سۆید بو نموونە نیوان حێزبی ڕاست و سۆسیال دیمۆکرات هەیە. حێزبی ڕاست لەسەر قەێرانی هەڵاوسان (inflation)  جەخت دەکات و حێزبی سۆسیال دێمۆکراتیش ڕەخنە لە ڕێژەی بێکاری دەگرێ بەڵام قەیرانی بێکاریش بە بڕوای ئەم نووسەرە لە ئەستۆی چەپەکان و سەندیکای کرێکاریە لەبەر ئەوەی که سەندیکا خوازیاری زیاد کردنی مووچە ی کرێکارە و کۆمپانیا نێو دەوڵەتیەکان ناتوانن لەم وڵاتە کار بکەن و زۆربەیان ئەم وڵاتە جێ دێڵن و دەڕۆنە شوێنیکی دیکە.

چە ند خاڵی گرینگ سەبارەت بە پەروەردە کردنی منداڵ

  • هەر بەڵینێک کە بە منداڵەکەتان دەدەن جێ بە جێ بکەن چ تەمێ کردن بێت چ هاندان
  • منداڵ دەبێ منداڵی بکات! ئاگادار بن هیچ کات نابێ پێش ٧ ساڵی بەشداری کلاسگەلی جۆرا و جۆر بێت.
  • ئەو منداڵانە وا ئاستی چالاکیان لە سەرەوەیە و فرە چالاکن دەبێ هانیان بدەین پێچ و مۆرە ببەستن یان سەرەگڵۆپ بکەنەوە.
  • لە قۆناخەکانی پەروەردە کردندا نابێ چاوەڕوانی وڵامی ئەرێنی بن. لەبەر ئەوەی منداڵ لە نەوەستان (نەوەسان) دایە.
  • بەو منداڵەی وا وەبەر تووڕەیی کەوتووە سەرنج بدەن تا ئەو منداڵەی وا توندوتیژی نواندووە.
  • دەرفەتی تەکینەوەی جۆش و خرۆش بە منداڵان بدەن
  • لەگەڵ بنەماڵەی خۆتان لەسەر گرینگ بوونی هاوکاری و پاڵپشتی کردن وتووێژ بکەن لەسەر هاریکاری جەخت بکەن
  • خۆتان لە کوتەک و لێدان بپارێزن
  • هۆکاری تووڕەیی منداڵەکەتان بدۆزنەوە
  • ئەگەر خۆتان تەکووز (ڕێکوپێک) نین زۆر چاوەڕوان مەبن منداڵەکەتان تەکووز و ڕێکو پێک  بێت. منداڵ پاش سێ ساڵ دەتوانێ تەکووز بوون فێر بێت. بە منداڵانی خۆتان وردەکاری لە فرم و شێوازی کایە کردندا فێر بکەن وەکوو کێبەرکێی گردەو کردنی کەل و پەل
  • هیچ کات لە ناوەڕاستی کارتۆنی دڵخوازیدا بەرنامەکەی لێ نەپچڕێنن
  • بە قسەی منداڵ گوێ ڕا بگرن چونکە منداڵ زۆر بێژە
  • منداڵ لەبککۆک و بیر بڵاوە هەندێ جاریش سەرنج نادا. سەرەتا سەرنجی ڕاکێشە تاکوو چاوت لێبکات پاشان بیدوێنە.
  • پشت لە منداڵی بۆڵەبۆڵکەر بکەن
  • بۆ هەر خراپەی کە منداڵ دەیکات سەرەتا جێگرەوەیێک بدۆزنەوە ئانجا (پاشان) بەرگری لێ بکەن. بۆ نموونە سەرەتا شۆکۆلاتی پێ بدەن پاشان چەقۆی لێ بسێتێنن.
  • دەبی ماوەی چاو لە تەلەڤیزیۆن کردن بۆ منداڵ دیاری کراو و سنوور دار بێت. لەبەر ئەوەی گۆڕینی بێ کۆتایی وێنەی جۆراوجۆر لە بەرچاوی منداڵەوە دەبێتە هۆێ گێژی و لەبککۆکی منداڵ 
  • لە ڕاهێنانی منداڵی خۆتان سەخت نەبن. باخەوان نەمامی کەم تەمەنی خۆی کە هێشتا ڕیشەی نەکوتاوە ناتەکێنێێ. کورد گوتەنی داری بەتەمەن هەرەس دەکرێت.
  • منداڵ لە تەمەنی یەک تا سێ ساڵان دەبێت لە پەستا جەخت وەربگرێت بە داخەوه ڕێک لەم قۆناخە زۆرترین پەیامی نەرێنی لە لایەن بنەماڵەیەوە وەردەگرێ. وامەکە، دەستی لێ مەدە، چاوی لێکە بزانە چیت کرد؟ ناتوانی، دەکەفی و هتێ  تر …
  • باشتر وایە کە منداڵ تا تەمەنی دوو ساڵان لە ژووری باوک و دایکیدا بنوێ و لە دوو ساڵیدا ژوورەکەی جوێ کەنەوە
  • ڕێگە مەدەن کە منداڵەکەتان لەبەر تەلەڤیزیۆنەوە نان بخوات. لەم کاتەدا مێشک ناتوانێت هاوکات لە گەڵ چاو لێکردن سرنجی ئەندازەی خۆراکەکە بدات دەبێتە هۆی فرە خواردن یان کەم خواردن کە قەلەوی یان لاوازی لێدەبێتەوە
  • منداڵ پاش چوار ساڵان لە مانای خاوەندارێتی تێدەگات. بەرلەوە توانایی هاوبەش کردنی کەلوپەلەکانی نییە و ڕەنگە ئەسپاوبازی منداڵانی دیکەش بێ ئیزنی ئەوان هەڵبگرێت. ‌هیچ کات پێ‌مەڵین ئەم ئیشەی تۆ دزیە!  
  • قەت مەجبووریان نەکەن ئەسپاوبازییەکانی خۆیان لەگەڵ منداڵانی دیکە هاوبەش بکەن
  • ماڵەکەتان بۆ منداڵە تەمەن ۶ ساڵانەکەتان ئامادە بکەن. لەم تەمەنەدا کونجاون! بۆیە کەلوپەلە شکستۆک و مەترسیدارەکان لە بەردەستیاندا لابەرن.
  •  

سەردەمی منداڵی تەنیا یەکجارە و دووپات نابێتەوە و قەت ناگەڕێتەوە. تێ‌بکۆشین ئەوان ژیانێکی بێترس و پڕ لە شادی ئەزموون بکەن. ئەوان نەهاتوون کە هیوا و ئامانجی ئێمە بەدی بهێنن.

کۆکردنەوەی شیوا خالیدیان (هاوسەرم)

ڕاوێژکاری: ئارش ئەمانی بۆ ڕێنووس کوردی

لەکەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ نووسینی نەوشیروان مستەفا

پێشەکی:

هیچ کات واز لەخوێندنی ژیان نامە ناهێنم. وا دەزانم کە ژیان نامەی ڕێبەر و نووسەرە گەورەکان ڕێگای بەرپێمان ڕووناک دەکاتەوە. بە تایبەت ژیان نامەی ئەو کەسانەی کە لە زۆربەی بوارەکاندا شارەزاو لێهاتوون.

نەوشیروان مستەفا لەم کتێبەدا بە وردی باسی ئاڵ و گوڕی سیاسی کوردستانی باشور لە ساڵەکانی ١٩٧۵١٩٧٨ دەکات. هەروەها لەگەڵ خۆی ئێمەش دەبا بۆ وڵاتی ئۆتریش و قاوەخانەکانی ڤیەن (Wien) و بۆ سنووری سووریە و حەسکە و قامیشلی هەتا چیاکانی برادۆست و داڵان پەر. دوایی ئەگەڕینەوە بۆ شنۆ سەرسنووری ئێران.

لەگەڵ پیشمەرگە قارەمانەکان چەک و تەقەمەنی ڕوانەی بنکەکانی یەکیەتی دەکەین و شۆڕشی نۆی دەس پێ دەکەین.

وتار:

ئەمە یەکەمین کتێبی نەوشیروان مستەفایە کە دەیخوێنم و ئەوەندە بەلام بەنرخ و خۆش بوو کەدەمهەوێ هەموو کتێبەکانی دیکەشی یەک لە دوای یەک بخوێنم. پاش شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩۶١ (کتێبێک هەربەم ناوە هەیە سەبارەت بە شۆڕشی مەڵا مستەفا کە لە داهاتوو دەیخوێنم) خەباتی چەکداری لە کوردستانی باشور دەستی پێ کرد و ئەم شەڕە پارتیزانیە دریژەی بوو تا ساڵی ١٩٧۵ و گرێبەستی ئەلجەزایر، ئەم گرێبەستە لە نێوان ئێران و عێراق واژوو کراو بە پێ ئەم گرێبەستە حکوومەتی پەهلەوی ئێران نابێ لە کۆرد پشتیوانی بکات و ڕێگەنەدا کە بارزانی هێرش بکاتە سەر رژیمی سەدام. پاش ئەم پەیمانە حێزبی پارتی دێمۆکرات وازیان لە خەباتی چەکداری هێنا و زۆربەی کادروڕێبەرانی حێزب ڕوویان لە ئێران کرد و بە فەرمانی شای ئێران لە کەرەج نیشتە جێ بوون.

زۆربەی پێشمەرگەکانی پارتی دوای ئاش بەتاڵ چەک و تەقەمەنی خۆیان رادەستی حکوومەتی عێراق کرد و بە فەرمانی مەڵا مستەفا وازیان لە چەک هێنا. نائۆمێدی زۆر لە نێوان خەڵکی کۆردستان پیک هاتبوو. بەعس بە بیانوی جۆراوجۆر خەڵکی ئەگرت و ئەکوشت و لە سێدارە ئەدا ئەم نائۆمیدیە بوو بە هۆی ئەوەی کە هێزێکی نوێ لە باشووری کوردستان سەر هەڵبدا و خوازیاری خەباتی چەکداری بێت نەوشیروان مستەفا و مام جەلال و هاوڕیانی کەوتنە جم و جۆڵ و خۆڕێکخستن بو سازکردنی هێزێکی سیاسی و چەکداری لە دژی عێراق. سەرەتا لە سنووری سووریە جێگیر بوون و حافز ئەسەد بە هۆی کێشەی لە گەڵ سەدام یاری ئەوانی دا و توانیان خۆیان ساز بکەن، سەرەتا یەکیەتی لەگەڵ حێزبی کومەڵەی ڕەنجدەران هاوپێمان بوو پاشان لەگەڵ چەند حێزبێکی چەپ وەک حێزبی سوسیالیزم یەکیان گرت.

نەوشیروان مستەفا لەم کتێبەدا زۆر بە وردی باسی ناوچەکە دەکات بۆ نموونە لە سەر بابەتی ئابووری، جۆتیاری و مەڕوماڵات و فراوان بوونی ئاو و کانی لە کوردستان و بەنداوی دووکان ، باس دەکات و پێ وایە لە داهاتوودا کوردستان دەتوانێ لە بواری جووتیاری و کشت و کاڵ و ئاژەڵ داری و هەروەها گەشت و گۆزار پێش کەوێت و سوودی لە وەربگرێت.

هەروەها زۆر بە وردی باسی کۆمەڵناسی کوردستان و تەرێقەتی نەقشبەندی و قادری و بیروباوڕی ئائینی خەڵک دەکا و چەند لاپەڕەش سەبارەت بە کوردانی ئیزەدی دەنووسێت. ئەم کتێبە نەک لە بواری سیاسی و چەکداری و خەبات بەڵکو لە هەموو بوارەکاندا ئاڵ و گۆڕی کوردستان شی دەکاتەوە و بە شێوەی ڕۆژنامەوانی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە دەخاتە پێش چاوی خوێنەر کە ئەمەش نیشانەی هێزی قەڵەم و ڕوشنبیری نووسەرە.

شەڕی حەکاری یەکێ لە خراپترین رووداوەکانی کوردستانە. بەڕاستی براکوژی لە نێوان کوردا نموونەی زۆرە و لە ئێران و عێراق دەێان جار ڕووی داوە، هەرکات بیر لەوە دەکەمەوە زۆر پەرۆش ئەبەم هەڵبەت شەڕی ناوخۆ لە دنیا شتێکی ئاسائیە و لە هەموو شوێنی ڕوو دەدات، بەڵام بۆ میللەتێکی بن دەست و زۆڵم لێ کراو کە هەموو هێز و شکۆی ئەو میللەتە یەکگرتن و پیکەوە بوونە کارەساتی ئاوا دڵتەزێن و سامناکە. شەڕی حەکاری لە نێوان یەکیەتی و بارزانی و عەشیرەکانی بارزانی ڕووی دا کە بوو بە هوێ کوژرانی سەدان کەس لە پێشمەرگەکانی یەکیەتی و هەندێ کەس لە عەشیرەکانی بارزانی و هێزی قیادە.

بە هیوام شەڕی برا کوژی لە کوردستان تەواو بێت و کورد بە وردی چاو لە مێژووی خوەی بکات و هیچ کات ئەم هەڵەێە دووپات نەکاتەوە. پاش ئەوەی لە شەڕی حەکاری زیانێکی زور لە یەکیەتی دەدرێت نەوشیروان مستەفا و مام جەلال تێ ئەکۆشن خۆێان ڕێک بخەن و شوڕشی چەکداری دەس پێ بکات. کتێبەکە پاش هەوراز و نشیوێکی زۆر کۆتایی پێ هات و من ماوم هەزار بیری جۆراوجۆر لە سەر شۆڕشی کوردستان، ئاڵ و گۆڕی ڕۆژهەڵاتی نیوە ڕاست و ….

بیتکۆین خەونی ئێران ۆ ڕووسیا

ئەوە ڕاستە کە بیتکۆین بۆ ڕزگاری خەڵک لە ژێر دەسەڵاتی حکومەت و هەروەها دراوی فیات*  درووس بووه بەڵام لەم دواییانەدا هەندێ حکومەت وەکو ئێران یان ڕووسیا هەوڵیان داوە کە لە بیتکۆین لە ڕیگای ئامانجەکانیان کەڵک وەربگرن. لە ڕاستیدا لەبەر ئەوەی ئەم وڵاتانا سزای قۆرسی ئامریکا لە سەریانە و دەستیان بە دۆلاری ئامریکا ناگەێت هەوڵ دەدەن کە داهات و سامانی خۆیان لەگەڵ زێڕ و بیتکۆین بگۆڕن.

بەڵام هەندێک لەمپەر و کۆسپ لەسەر ڕێگای زێڕ هەیە کەباسی دەکەین، بۆنموونە گواستنەوەی زێڕ پێویستی بە ئاسایشی تایبەت هەێە و هەروەها ناردنی زێر بۆ ولاتێ دیکە ئاسان نیە. بەڵام بیتکۆین بە پێچەوانەی زێڕ بە خێرایی مامەڵە دەکرێت و لە چرکەیک ئەتوانی بۆ کۆمپانیا یا تاکەکەس ڕوانەی کەیت.

تەنانەت پاراستنی بیتکۆین پێویستی بە ئاسایش و پۆلیس نیە و لەناو جزدانی بیتکۆین (Bitcoin Wallet) ئەتوانی پاشکەوتی بکەیت. بەڵام پرسیار ئەوەێە کە ئایا مامەڵە کردنی حکومەت بە بیتکۆین ئاسانە ؟ یان کارێکی گۆنجاوە؟

سەرمایەی بازاڕ (Market Cap) بیتکۆین لە ئەوڕۆدا ۵۴۵ ملیارەها دۆلارە، دانان و کشانەوەێ بیتکۆین لەئاست و قەبارەی بەرزا بۆ نموونە مامەڵە کردنی نەوت وغاز دەتوانێ بە تۆندی نرخی بیتکۆین تووشی لەرزین و جووڵانەوە بکات، هەرئێستاش یەکی لە گەورەترین کێشەکانی مامەڵە کردن بە بیتکۆین ناجێگیری نرخی بیتکۆین لە چاو دۆلار و یورۆ و پۆندە.

هەروەها گواستنەوەی هەژماری زۆری بیتکۆین لە سەر تۆڕی بلۆکچەین شوێنی دیارە و شیکاری کردنی تۆڕی بلۆکچەین بۆ وڵاتێ وەکوو ئامریکا یا شەریکەی کەرتی تایبەت زەحمەت نیە.

لەبەرامبەر بیتکۆین ئەگەر چاو لە زێڕ بکەین سەرمایەی بازاڕی ١٣ تریلیۆن دۆلارە واتە ٢۶ جار زۆرتر لە بیتکۆین هەروەها مامەڵەکان(transaction)   لە سەر هیچ تۆڕێک بە ئاشکرا دیار نیە و ئەگەر ئێران و ڕووسیا بیانهەوێ لەژێر بایکۆتی ئامریکا بێنە دەرێ مامەڵە کردنی زێڕ زۆر کاریگەرترە.

گەرچی حکومەتەکان بۆ فشار خستنە سەر خەڵک پێیان خوەش نیە کە بیتکۆین و زێڕ بەکار بێنن و چاپ کردنی پارەی بێ نرخ بۆ ئەوان باشترە.

 

*پارەێک کە لە بانکی ناوەندی کە پشتوانەێ زێڕی نیە و تەنیا بە فەرمانی حکومەت چاپ دەبێ)