لە یاری شەترەنج خوێندنەوەیک هەیە بەناو دەروونناسی شەترەنج. لەو خوێندنەوە باسی ئەوە دەکرێت کە تۆ ئەتوانی بە پێ کەسایەتی یاریزان شێوەی یاری کردن و نەخشەڕێگای بەرامبەرەکەت بزانیت. بۆ نموونە هەندێک یاریزان کەسایەتیک ئاڵۆزیان هەیە و ڕەنگە بە شێوەی کتێبی یان دیاریکراو یاریەکە دەست پێ نەکەن، ئێمە زۆر دەبینین کەسانێک وەکوو فیرووزجا کە پلەی هەشتمی جیهانیه زۆر جار هەیە کرانەوەێکی سەیری هەیە و کەس نازانێت لەسەر چ سیستەمێک دەڕوات.
ئەگەر چاو لەکەسایەتی مرۆڤ بکەین هەندێ کەس چاو چنۆک یان ڕژدن، هەندێ کەس پارێزکار، هەندێک چاونەترس یان بەخیل یان….
زۆر جار بیر لەم شتە دەکەمەوە و کە چاو لە خۆم دەکەم کەسێکی پارێزکارم و زۆر پێم خۆش نیە لە ژیاندا ڕیسک بکەم، ئەم کەسایەتیە کاریگەری قووڵی لەسەر ژیانم داناوە و تەنانەت لەو یاریانە وا حەزم لێیە کاریگەری هەیە.
بۆ نموونە لە شەترەنج ئەگەر بە ڕەش یاری بکەم شێوەی کرانەوەی کارۆکان هەڵدەبژێرم بۆ ئەوەی شێوەێکی قورس و قایمە لە هەموو شتێک بەرگری دەکات، واتە پێش هێرش بردن بیرم لای بەرگری کردنە.
ئەم شێوە یاری کردنە نە باشە نە خراپە بەڵام پێوەندیکی چڕی بەکەسایەتی یاریزان هەیە، بۆ وێنە کەسانی وەکوو کارپۆف یان ویشلی ئاناند بە شێوازی بەرگری و پۆزیسیۆنی ناسراون تەنانەت کارپۆف مامۆستای شێوەی کارۆکانە.
هەندێ یاریزانیش وەکوو کاسپارۆف یان میخایل تاڵ بە هێرش کردن و یاری داینامیک ناسراون و دیسان ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەسایەتی دەروونی ئەو کەسانە.
جگە لە شەترەنج من زۆر حەزم لە بۆکسە و لە منداڵیەوە ئەم ورزشە دەکەم، بۆکسیش ڕێک وەکوو شەترەنج ستایل یان شێوازی جیاوازی هەیە و بۆ نموونە من حەزم لە سۆڤیەت ستایلە، ئەتوانین بڵین تەرکیزی ئەم تاکتیکە لەسەر کۆنتڕۆڵ کردنی بەرامبەرەکەتە لە ڕێگای دوورەوە و تۆ سوود لە جووڵەی پێ وەردەگری و بە دەستی چەپ بەرامبەرەکەت کۆنتڕۆڵ دەکەیت.
شێوەی گارد گرتنیش ناوی Long guard و لە ئێستاش کەسانی وەکوو Usyk , Dimitry bivol بەم شێوازە بۆکس دەکەن و زۆریش سەرکەوتوون.
ئەمەش دەری دەخات هەڵبژاردنی ئەم شێوە بۆکسە پێوەندی هەیە بە کەسایەتی من کە زۆرتر حەزم لە بەرگریە نەک هێرش بردن و پێم خۆشە هەموو شتێک کۆنتڕۆڵ بکەم و له ژیانمدا ڕیسک ناکەم.
ئەمەوێ بڵێم مرۆڤ ناتوانێ لە کەسایەتی خۆی دوورتر بڕوات، باشتر ئەوەیە یەکم جار خۆت بناسیت و بزانیت چ جۆر کەسایەتیکت هەیە، پاش ئەوەی کە خۆتت ناسی دبێ بیر لەوە بکەیتەوە کە چ شێوازێکی ژیان ، بیزنێس یان وەرزش بۆ تۆ گونجاوە.
پاش ئەوەش دەبێ زانستەکەت بکەیتە کردەوە لە ژیای خۆتا و هەوڵ بۆ سەرکەوتن بدەیت.