ڕۆژێکی باراناوی بەهاری لە ئاویەردا لە نێو وتووێژێکی دۆستانەدا ئەندێشەی دامەزراندنی کافە وتووێژ هاتە دنیاوە!
وەکوو هەمیشە کە لە ڕۆژانی پشووداندا دەرفەتێک دەهاتە ئاراوە هەلمان بە قازانج دەزانی تا بگەڕینەوە بۆ سنە و بتوانین لەگەڵ هەڤاڵان و هاوڕێیاندا کۆ ببینەوە و بە دیداری یەکتر چاو و دڵمان ڕۆشن بکەینەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکانی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٢٠١٢ زایینی (١٣٩١ کۆچی هەتاوی). کۆڕێکمان دامەزراندبوو لە هۆگران و چالاکانی بواری بەرنامەنڤیسی و نەمامێر بە ناوی (دانیشتنە کراوەکانی نەرمامێری سنە) کە دوایی ناوەکەی گۆڕدرا بە کورد سافتوەیر. ڕۆژانی هەیینی کۆ دەبووینەوە تاکوو لەسەر کێشەکانی کارکردن لە دنیای بەرنامەنووسی و شێوەی مامەڵە کردنی بنەماڵە لەگەڵ ئەوەی ئێمە دایمە لە پشتی کامپیوترەکەمانەوە دەبینن و پرسیار و داخوازییە سەرسوڕهێنەرەکانی مشتەرییەکان تا هەواڵی نوێی دنیای تەکنۆلۆژیای زانیاری قسە و ڕاوێژمان دەکرد. جاروباریش خولێکمان بەڕێوە دەبرد تا ئەزموونی خۆمان لەگەڵ کەسانی تر هاوبەش بکەین و ئەوانیش ئامادەیی ئەوەیانە هەبێت بچنە نێو دنیای کار و پیشەوە. ئەم کۆڕ و کۆبوونەوانە بەردەوام تاکوو چوار ساڵ هەر حەفتە بەڕێوەدەچوو تا کاتێک هەر کەسێکمان بە هۆیێکەوە بەتایبەت بە بۆنەی دەرس خوێندن و بژیوی ژیان سنەمان بەجێ هێشت. لە سەرەتادا چەند کەسمان ڕوویان لە تاران نا و چەند کەسی تریشمان تا ساڵانی تر لە سنە مانەوە.
دوای ئەو کۆچە نەخوازراوە هەردەم هەلێک دەڕەخسا دەگەڕاینەوە بۆ سنە و لەگەڵ هاوڕێیان کۆ دەبووینەوە و لەسەر بابەتگەلی جۆراوجۆر قسەمان دەکرد. بە تایبەت ئەم پرسیارەمان دووپات دەکردەوە “بۆ کوردستان ئەوەندە ڕەش و ڕووتە؟” ئێمەی تاران دیتوو کاتێ دەگەڕاینەوە بۆ سنە هەر لە هەمەدانەوە هەستمان بە دواکەوتوویێکی بەرچاو دەکرد و هەمیشە لە خۆممان دەپرسی چۆن دەتوانین ئەم دۆخە بگۆڕین؟
ئەم هاتنەوەیە بۆ سنە و دیدار تازە کردنەوەمانە لە ساڵێکدا چەند جارێ ڕووی دەدا کە بە بۆنەی جێژنەکانی ڕەمەزان و قوربان و نەورۆزەوە بوو یان ئەگەر چەند ڕۆژێکی پشوودان دەکەوتە سەریەک ئێمەی بە دەور یەکتردا کۆ دەکردەوە و چرای دیوەخانی “کورد سافتوەیر”ی ڕۆشن ڕادەگرت.
پاش زیاتر لە دەساڵ تێپەڕبوون لەو کۆڕە دە دوازە کەسییە تەنیا دوو نەفەرمان لە سنە مایەوە و کەسانی تریش وەکوو ئێمە باڵەوازەی دەرەوەی کوردستان بوون. هەر لە تارانەوە تا ستۆکهۆلم و لەندەن پەرتەوازە بووین!
ئەمما ئێمە هەر کۆڵمان نەداو هەمدیسان سنەمان دەکردە کۆشی دایک و لەوێ یەکترمان دەدیتەوە و هەمان پرسیار و هەمان بۆچە و هەمان چ بکەین؟ بەڵام ئیدی دنیا گۆڕی بوو. دنیا لە کوردستانەوە شۆڕشی ژینی بە خۆیەوە بینی بوو. پرسیارەکانی ئێمە ئەمجارە ڕەنگی تازەی بە خۆیەوە بەدی دەکرد. ژیریی دەستکرد هاتبووە نێو دنیای ڕاستەقینەی خەڵکەوە و هەموو لەسەری قسەیان دەکرد و لە ژیرییەکەی خەڵک حەپەسا بوون بەڵام ژیرییەکەی تام و چێژی کوردانەی نەبوو. هەر ئەم بابەتە بووە هۆی ئەوە کە ئەم پرسیارە لە خۆمان بکەینەوە ئەرێ زمانی کوردی کوانێ؟ کە کوردیش بە کوردیی لەم ژیرییە دەستکردە کەڵک وەربگرێت و بکەوێتە بەر رستە و پرسیاری کوردییەوە و بە کوردیی وڵامی بداتەوە. چونکە ناوەرۆک بە زمانی کوردی کەمە و لە زمانە بێ سەرچاوەکان بۆ پێواژۆ کردنی زمانی سروشتی دێتە ئەژمار ژیریی دەستکرد لە مۆدێلە زمانییە گەورەکاندا نەتوانێت بۆ زمانی کوردی شتێکی ئەوتۆ بەرهەم بهێنێت.
ئەزموونی کۆ بوونەوەکانی ئەم چەند ساڵە و ڕەش و ڕووتی و لاوازی سیاسی و ئابووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەبوونی بەخۆدا پەرمین و باوەڕ و ئەندێشەی کارسازی لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا بووەتە هۆی وازهێنان لە نیشتمان و ڕۆیشتن بۆ دەرەوەی وڵات. قەدەغە بوونی زمانی کوردی لە قوتابخانە و بەرهەمهەنەهێنانی ناوەرۆک بە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بوارگەلی نوێدا بووگەسە هۆی نامۆ بوونی خەڵک لەگەڵ زمانەکەیاندا و مەترسی ژیریی دەستکرد لەسەر زمانی کوردی هەموو یەکیان گرت تا ببنە چرای داگیرساوی دوورە دەستی نێو شەوەزەنگ.
ئاکامی ئەو ڕۆژە بەهارییە باراناوییەی ئاویەر بوو بە پادکەستی کافە وتووێژ تا بە زمان و ئەندێشەی کوردییەوە لەبارەی تەکنۆلۆژیاوە قسە بکەین، فەرهەنگی دامەزراندنی کاسبی و ستارتاپ و ئالنگارییەکانی بهێنینە ئاراوە، ئابووری کوردستان لە پەنجەرەی تەکنۆلۆژیاوە سەیر بکەین و بەردەنگی خۆمان هان بدەین بە ئەندێشەیێکی ڕەخنەگرانەوە بە باوەڕ و وزەیێکی بەرزەوە لە خۆ پرسیار بکات چۆن دەتوانین لەم دۆخە خۆمان ڕزگار بکەین و ژیانێکی باش و کوردستانێکی ئاوەدان لە ڕێگەی تەکنۆلۆژیاوە بونیاد بنێن؟
نووسینی ئارش ئەمانی
