گژوگیا ژمارەی ۲

هەندێک بابەت هەیە کە ناتوانم بە ناو وتارێک یان دەقێک دوور و درێژ بینووسم، هەروەها پێویستە کە بینووسم با لە مێشکم بۆ هەمیشە بڕوات و ئەدی بیری پێ نەکەمەوە لە ڕاستیدا ئەمە جۆرێک وتووێژە لەگەڵ خۆم.

ورە و هیوا

تاکی کورد لە بازنەیکی نەرێنی ماوەتەوە، بێ هیوایە له بەرئەوەش تووشی خەمۆکی دەبێت، کە تووشی خەمۆکی بوو ئەدی کارناکات، کەکارناکات واتە پارەی نیە کە پارەی نەبوو دیسان تووشی خەمۆکی دەبێ. ئەم بازنەیە بۆ گەنجی کورد زۆر مەترسیە. ئەرکی ڕووناکبیر و دەسەڵات دار لە کۆمەڵگای کوردی بەرزکردنەوەی ورەو و هیوای لاوانە و ئەم ئەرکەش بە ئەستوی هەموو تاکی کوردە. تکایە ئەگەر گەنجێک پرسیاری کرد لێتان سەبارەت بە ئابووری و ژیانی داهاتوو و هاوسەرگیری و دۆزینەوەی کار و…. بێ هیوای مەکەن لە ڕاستیدا لای من ئەم کارە تاوانێکی زۆر قورسە و بێ هیواکردن لاوێک لەگەڵ کوشتنی دا یەکسانە.

دیمەنێک لە ڕوانگەی وێنە کێش

لە سەرکار بووم چووم قاوەێک بخوەم کە دلاقەی ژووری چێشتخانەکەم کردەوە تۆزێک سارد بوو، ڕوانیم بو دیمەنی دەرەوە. کێو و دار و کۆڵان و ….. بەڵام بۆ یەکم جار دیمەنەکەم وەکوو وێنەکێشێک دی نە وەک بینەرێکی ئاسایی. هێڵێکی ئاسۆیی دیمەنەکەێ ئەکردە دوو لەتەو دارێکم بینی کە هەزار له ق و پۆی لاوازی بوو کە زۆر بە ئاسانی ده کرێ بە قەڵەمێکی تەسک و ڕەش ڕەسم بکرێ. لەسەرەوە ئاسمانێکی گیراو بوو تا نیوەی هێڵی ئاسۆیی هاتبووە خوارەو . دارە گەورەکە ڕێک تا نێوان لاپەڕەکە ئەڕوا و ئەهاتە پێش کێوەکان. لاێ خۆم وتم بریا قەڵه مێکی ۲b و ۶b و لاپەڕەێکی سپی و کاتێکی بێ کۆتاییم بوایا و بە هەوەسی خۆم ئەو دیمەنەم بکێشایە. چ دیمەنێکی جوان و سەرنج ڕاکێش بوو. لە خەیاڵی خۆم قووڵ بوومەوە، لە پڕدا بانگیان کردم و وتیان وەرە خوارەوە موشتەری هاتووەو کاری پێتە.

سوارچاکی سومێری

ئەسپی شێتی خەیاڵ هەموو شەوێک بۆ شوێنێکی نادیار
ئەمڕفێنێت.

بەردەوام وەکوو سوارچاکێکی ئاکدی لە باکوورەوە بۆ نێوان دوو ڕووباری مێزۆپۆتامیا دێمە خوارەوە.

چاو باز ئەکەم.

لەشم لێرەیە و ڕۆحم لە مێژوو قەتیس ماوە.

کە ڕۆژ هەڵدێت ئەسپەکەم بە پێ کۆنترین دەقی ڕاهێنانی ئەسپ ڕام کردووە و وردە وردە بەرەو ئامانجێکی ڕووناک
لە چاو ون دەبم

 

مروڤی باڵا

جێاوازی مرۆڤی باڵا لەگەڵ مرۆڤی ئاسایی ئەوەیە کە مرۆڤی باڵا خۆی پێناسەی بەختەوەری و ناخۆشی ئەکات و پاش ئەوەش خۆی بڕیار ئەدات کە لە ژیانی دا بەختەوەر بووە یان نە. لاێ مرۆڤی ئاسایی شتەکە پێچەوانەیە واتە خۆی نە بەختەوەری پێناسە ئەکات نە لەسەر خۆی بڕیار ئەدات. واتە کۆمەڵگا پێ ئەڵێ بەختەوەری چیە و تۆڕە کۆمەڵاێەتیەکان لەسەری بڕیار ئەدەن کە لە ژیان سەرکەوتووە یان دۆڕاوە.

ئازادی وەکوو پێش مەرجی ئەخلاق

بەپێ فەلسەفەی ئەخلاقی کانت، پێش مەرجی ئەخلاق و دین ئازادیە. کە تۆ ئازادیت نەبوو ناکرێ باسی دینی یا ئەخلاقی بکەی. لەبەر ئەوەی ئەو هەڵسوکەوتە کە ئەیکەیت لەلاین کۆمەڵگا و حکوومەت بەسەرت سەپێندراوە، واتە باشە یان خراپە خۆت هەڵینابژێری و جەبریە، تۆش هاوکات وەکوو مروڤی بەرپرسیار پێناسە ناکریت. هەر بەم هۆکارەش لە وڵاتێ وا ئازادی نیە ناکرێ مرۆڤ بە تەواوی لە ڕووی ئەخلاقی بەراورد بکەیت، کە لەوڵاتێک بەرپرسیارێەتیش نەبوو لە ڕاستیدا هیج یاسا و ئەخلاقێک بوونی نیە.

ئاێدیالیستی نەهیلیست

زوربەی لە نهیلیستەکانی ناو کۆمەڵگا ئەچنە ناو جەرگەی ئایدیالیستەوە. بۆ نموونە ئەگەر لە کەسێک پرسیار بکەین ئەتهەوێ چ جۆر خێزان یا بنەماڵەیک درووس بکەیت؟ بنەماڵەیک پێناسە دەکات کە لە جیهان نموونەی نەبووە. ئەڵێن باشە لاێ تۆ چ نووسەرێک باشە ؟ پێناسەیک دەکات کە تەنانەت داستایفسکیش ناگرێتەوە. ئەڵێن چ حزب و دەسەڵاتێکی سیاسیت پێ باشە؟ شتێک باس ئەکات کە لە سویسیش بەدی نەهاتووە. ئەم جۆرە نەخوشیە وای لە مرۆڤی کورد کردووە کە هەوڵ بۆ هیچ شتێک نەدا لەبەر ئەوە یوتوپیاکەی زۆر دوورە لە ڕاستیەکان و هیچ کات بە دی نایت، کە واتە هیچ کات پڕاگماتیست بیر ناکەتەوە و هەوڵیش بۆ هیچ کارێک نادات.

ئەرکی ڕۆشنبیر

ڕۆشنبیر دەبێ له ئاستی مێتاپۆلیتیک(بە پێ وتەی گرامشی لە سەروی سیاسەت)بیر بکاتەوە و چالاکی بکات نەک لە ئاستی سیاسەت وان، واتە ڕۆشنبیر ئەبێ لە پێش مرۆڤی سیاسی بڕوات نەک بە دواێ ئەو کەوێت. لە ڕاستیدا مرۆڤی سیاسی جێبەجێ کەری بیری ڕۆشنبیرە هەڵبەت بۆ بەدەس هێنانی هێز و دەسەڵات، بەو مەرجەی کە ڕۆشنبیر هزری کۆمەڵگای ڕووناک کردبێت .

کۆمپلوتیسم یان پیلان گێڕی

ڕۆشنبیری ئاستێکی مەترسیداری هەێە ئەگەر بتهەوێ زۆر دوور بڕویت، گومان ئەکەی لە هەموو شتێک. کە گومانت کرد لەهەموو شتێک بێ هیوا ئەبی بەرامبەر بە هەموو شتێک.واتە باوڕ بە پیلان گێڕی یان کۆمپلوتیسم جۆرێک گۆمان کردنە لە هەموو شتێک. ئەمەش کێشەیکی گەورەی ڕوشنبیری کوردە. بۆ نموونە لە زوربەی ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی و شێرزاد حەسەن خۆی دەردەخات. هەموو کاتی ڕەشبینی و بێ هیوایی لە لاێەن ڕۆشنبیرەوە ئاراستەی کۆمەڵگا ئەکرێ. لاێ من بێ لاێنی واتە ڕەشبینی و بێ هیوایی.