ئەو ساڵ بە تێکەڵ بوون یان ئاڵوودە بوونی زۆرتر لەگەڵ ژیری دەستکرد ئەو متمانەمە پەیا کرد کە ئەتوانم هاوکات ۴ یا ۵ کارامەیی فێر بم وەکوو زمانی کورمانجی یان بیرکاری و … بەڵام وا تێگەیشتوم مرۆڤ تا پێویستی بە شتێک نەبێت ئەستەمە خۆی ڕازی بکات ئەو شتە فێر بێت. بەدەر لە کارو پیشە کە بە ڕاستی ۱۰ کاتژمێر لە ژیانی ڕۆژانەم دەبێت خەریکی ڕاهێنان و چیژبردن لە دوو وەرزشی بە تەواوی جیاوازم بوکس و شەتڕەنج، یەکیان بۆ جەستە و یەکیان بۆ مێشک.
لە بوکس دەمهەوێ ئەوساڵ یان ساڵی داهاتوو بە فەرمی ببم بە ڕاهێنەری بوکس لە شاری سنە واتە موڵەت و بڕوانامەی تایبەت وەربگرم ئەمەش ئاسانە بۆ من لەبەر ئەوەی چ لە ڕووی تیوری یان پڕاکتیک بەسەر ئەو ورزشە زاڵم و زۆر جاریش لە یاریگە بە شێوەی کاتی یان بۆ یارمەتی دەبم بە ڕاهێنەر یان مامۆستا و کەسانی دیکە فێردەکەم.
بۆ شەترەنج پلانێکی دیاری کراوم نیە بەڵام پێم خۆشە لە Lichess یان Chess.com لە هەردوو شێوازی یاری واتە Rapid , Blitz بگەم بە پلەی ۱۵۰۰ ئەمەش بۆ من کە تەمەنم ۴۱ ساڵە و کاتم نیە بۆ ڕاهێنان و فێر بوونی قووڵتر توزێک قورسە بەڵام دەکرێت!.
ماوەیکە خەریکی خوێندنی تەوراتم و کتێبی ئەوەڵی تەورات سەرەتای ژیان (پیدایش- Genesis) خوێندەوە، بە ڕاستی چیروک و حەکایەتی زۆر خۆشی تێدایە کە من بەس لە ناو ئەفسانەکانی یونان ئەەوم بینیوە. هاوکاتیش خەریکی دیتنی کورسێکم بە ناوی The world of Biblical Israel by Cynthia R. Chapman لەوانەیە چەند ڕۆژی دیکە تەواو بێت ئەگەر حەزتان لە مێژوو- تیولۆژی-میتولۆژیە پێشنیار دەکەم چاوی لی بکەن نرخی ئەم کورسە لە ئامازۆن ۷ دولارە. ئەتوانن لە مالپەڕی Git.ir بە پارەیکی کەم چاوی لێ بکەن.
لەگەل هاوڕیانم واتە گرووپی کوردسافتوێر خەریکین لە سەر ڕاهێنانی ژیرە دەستکرد کاردەکەین بۆ فێرکردنی بن زاری سنەی ئەردەڵان. ئێستا ژیری دەستکرد سۆرانی و کورمانجی باش دەزانێت و ئەتوانێ قسە بکات یان بنووست بەلام لە بن زارەکانی دیکە تێناگات.
بۆ خەڵکی ئاسایی لە سنە و سەقز و کامیاران و …. ئەژین قورسە هەموویان فێری زمانی سۆرانی بن بە تایبەت لە ئێستادا کە زمانی فارسی لە سەر هەموو شتێک زاڵەو و زمانی فەرمی کوردی دەسەڵاتی یاسایی نیە،ئەمەش بوو بە پاڵنەرێک بۆ ئەوەی خەریکی ئەم پڕۆژە بین، کێشەی سەرەکی ئێمە نەبوونی دەق و دەنگە لە بن زاری سنەی ئەردەڵانی، وردە وردە خەریکی کۆکردنەوەی دەنگ و دەقی سنەین بزانین چی دەبێت!
دوو مانگە پڕۆژەیکی تایبەتم دەست پێکردووە، لەو کاتانە کە بێکارم لە سەرکار خەریکی دەبم پڕۆژەکە درووست کردنی ئامێرێکی Multitasking یان چەند ئەرکیە هەڵبەت نامەوێ جارێ لەسەری باس بکەم، بە یارمەتی ژیری دەستکردی Qwen خەریکی کارم بەڵام لەبەر قەیرانی ئابووری و شەڕ تۆزیک کوسپ و لەمپەر بۆم درووست کراوە. گرنگتین کێشە نەبوونی پارەیە بۆ ئەوەی ئامێرێکی Rpi5 بکڕم من ئێستا ۲ دانە Rpi3 م هەیە بەڵام RAM 1GB هەیە و زۆرکەمە. بە هۆی ئەم کێشەوە بە دوای OS گەڕاوم کە زۆر سووک و خێرا بێت، DietPi زۆرباشە و ئەگەر دێسکتاپیش لەسەری دابنیت ۶۰۰MB لە RAM بەکار دێنێت بەڵام بۆ ئەو کارەی من وڵامدەرەوە نیە و پێویستم بە ۸GB ڕەم هەیە. جگە لە پارە کێشەیک ترم هەیە ئەویش نەبوونی ئینتەرنێتی باش و بەردەوامە و هەروەها فیلتەر بوونی هەموو ژیری دەستکردەکانە واتە لە ئێران ناتوانی بە هەوەسی خۆت بە ژیری دەستکرد کار بکەیت یان فیلتەرە یان کارناکات یان پارەت نیە بیکڕی یان ئەگەر پارەشەت بێت ڕێگای گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی ێێران ئاسان نیە. هەموو ئەم شتانە وزەی خەڵک بە فیڕۆ ئەدات. نازانم چی بکەم بۆ ئەم پڕۆژەیە بەڵام بەردەوام دەبم بۆ درووست کردن و هەوڵ دان.


