My Father’s Paradise: A Son’s Search for His Jewish Past in Kurdish Iraq

بەهەشتی باوکم: گەڕانی کوڕێک بۆ ڕابردووی جولەکەی لە باشوری کوردستان

ناساندنی ئەم کتێبە:

ئەم کتێبە Arial Sabar نووسیویە ئەم نووسەرە ڕۆژنامەونێکی ئەمریکیە و باوکی لە جووەکانی باشوری کوردستان بووە، کتێبەکە ساڵی ۲۰۰۸ بڵاو بووەتەوە و براوەی خەڵاتی گرنگی National Book Critics Circle Award لە بەشی ژیاننامەیە.

بەڵام ناکرێت هەموو کتێبەکە وەکوو ژیاننامە چاو لێبکەین لە ڕاستیدا ئەم کتێبە هاوکات گەشتنامە، مێژوونامە، بیرەوەری بنەماڵە، لێکۆڵینەوەی مرۆڤناسی و گەڕان بەدوای ناسنامەێکی کۆن و نادیارە.

باوکی Arial Sabar لە شاری زاخۆ لە دایک بووە شاری زاخۆ بۆ سەدان ساڵ شوێنی موسڵمان و مەسیحی و جوولەکەی  کورد بووە. پاش کۆچ کردنی ئەم بنەماڵە بۆ ئیسراییل و کۆچی باوکی بۆ ئامریکا بە تەواوی ڕابردوو لەبیردەکەن.

Sabar لە ئامریکا گەورە دەبێت و زمانی دەبێتە ئینگلیسی و بەتەواوی لە ناو کەلتووری ئامریکا ئاسمیلە دەبێت واتە هیچ پێوەندیکی لەگەڵ جێهانی باوکی نیە. بەڵام وردە وردە ئەم پرسیارە دێتە ناو مێشکی، بە راستی باوکم خەڵکی کوێیە؟

هەر ئەم پرسیارە سەرەکیە دەبێتە گەشتێکی دوور و درێژ بۆ دۆزینەوەی ڕابردوو.

جیاوازی و خاڵە ئەرێنیەکانی کتێب:

زۆرینەی ئەو کتێبانە لە سەر جووەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نووسراوە لە ڕوانگەی سیاسی یان دینی بووە بەڵام ئەم کتێبە سەبارەت بە مرۆڤە بۆ نموونە کاتێک نووسەر باسی ژیانی خەڵک لە زاخۆ دەکات ناڵێ جووەکان ئەو کارەیان دەکرد دەڵێت:

ژیانی ئاسایی خەڵک چۆن بوو ؟

خواردنیان چۆن بوو؟

هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دراوسێ موسڵمانیان چۆن بوو؟

منداڵەکان چ یاریکیان دەکرد؟

بازاڕ و دووکان چۆن بوو؟

لە ڕاستیدا مێژوو لە ڕوانگەو لە پلەی دەسەڵات دێنێتە ئاستی خەڵکی ئاسایی.

گرنگی ئەم کتێبە لە ڕووی مێژوویی زۆرە بە تایبەت هەندێ جار دەرواتە ناو باسی زانستی و مێژوویی لە سەر زمانە جیاوازەکان و هەروەها باسی نەتەوە و ئایینی جیاوازەکان وەکوو کوردە موسوڵمانەکان، ئاشوریەکان،گوندەکانی سەر سنوور، زمانی ئارامی،پێکهاتەی عەشیرەت و خێڵ، پێوەندی خێڵەکی و … دەکات.

گرنگترین پرسیاری کتێب بەدواداچوونە لە سەر یادگە و بیرەوەری، بۆ نموونە نووسەر هەوڵ دەدات وڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، کاتێک جیلێک کۆچ دەکات جیلی دواتر چ شتێک لەبیردەکات و چ یادەوەریک دەپارێزێت؟ ئەم پرسیارە بە شێوازی ڕەنگاوڕەنگ لە هەرموو لاپەڕەکانی کتێب دیارە.

پێوەندی باوک و کوڕ

لە جوانیەکانی ئەم کتێبە باس کردنی  پێوەندی نێوان نووسەر و باوکیە. باوکی حەزی لە ڕابردووە بەڵام قەد باسی ڕابردوو ناکات، کوڕ ڕابردوو ناناسێت بەڵام زۆر تامەزروی ناسینی ڕابردووە. مەودای نێوان دوو جیلی جیاواز وردە وردە دەبێتە خاڵی بنەڕەتی و هەستیاری کتێب و لەڕووی سۆزداریەوە زۆر کاریگەرە.

مێژووی زمانی ئارامی

نووسەر لە هەموو کتێبەکە هەوڵ ئەدات باسی گرنگی زمانی ئارامی و مێژووی ئەم زمانە بکات لەبەر ئەوەی زیندوو کردن و کار کردن لە سەر زمانی ئارامی گەورەترین ئاوات و پڕۆژەی باوکی بووە و تەنانەت لە زانکۆش بەس لەسەر زمانی ئارامی کاری کردووە و دەکرێ بڵین تەنیا کەس بووە کە بە زمانی ئارامی لەم سەردەما قسەی کردووە.

لە پێشدا با تۆزێک لە سەر زمانی ئارامی باس بکەین، ئارامیەکان نزیکەی ۱۰۰۰ یان ۱۲۰۰ ساڵ پێش زایین لە شوێنێک کە ئێستا بەشێکە لە سووریا ، باشووری تورکیا و باکوری عێراق  ئەژیان و ئەوان لە بنەچە دا سامی بوون (سامی نەژادە و ئارامی زمانە). هەروەها چەند دەولەتی بچووکیان هەبوو وەکوو ئارامی دەمەشق، بەیت عەدینی، حما،و … زمانی ئەم دەوڵەتانە هەمووی ئارامی بووە. هەموو ئەم دەوڵەتانە لە ۷۰۰ تا ۱۲۰۰ ساڵ پێش زایین لە ناوچەکەدا بوون.

بۆ ئەم زمانە گرنگ بوو؟

لەوسەردەما هێزی سەرەکی ناوچەکە ئێمپراتوری ئاشوری نوێ بوو، ئاشوریەکان هەموو دەوڵەتە ئارمیەکانی ئەو سەردەمەیان داگیر کرد و هەموویان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. خەڵک وا بیردەکاتەوە کە پاش ئەم داگیرکاریە زمانی ئارامی لە ناو چوو بەڵام وا نەبوو لەبەر ئەوەی ئارامیەکان بەس جووتیار نەبوون و ژمارەیکی زۆریان بازرگان و نووسەر و ژمێریار بوون و کاتێک ئاشوریەکان ئەو ناوچەیانە داگیر کرد هەزاران کەس لە خەڵکی ئارامیان گواستەوە بۆ شارەکانی دیکەی ئێمپراتوری باشور. ئەم سیاسەتە کە ئێستا ناوی گواستنەوەی زۆرەملێی خەڵکە بووە هۆی ئەوە ئارامیەکان لە هەموو شارەکانی ژێر دەسەڵاتی ئاشور بڵاو ببنەوە.

ئاشوریەکان هاوکات لەگەڵ ئەم پێکدادانە زمانی خۆیان پشت گوێ خست و ئارامی فێر بوون هۆکاریشی ئەوە بوو زمانی ئاشوری ئاکدی بوو و بە ڕێنووسی مێخی دەنووسراو زۆر قورس بوو. بەلام ئارامی زۆر نزیک بوو لە زمانی ئێستا و ۲۲ پیتی هەبوو، دەکرا بە شێوەیکی ئاسایی لە سەر لاپەڕە(پێست و پاپیروس) بنووسرێت.