گژوگیا ژمارەی ۱

هەندێک بابەت هەیە کە ناتوانم بە ناو وتارێک یان دەقێک دوور و درێژ بینووسم، هەروەها پێویستە کە بینووسم با لە مێشکم بۆ هەمیشە بڕوات و ئەدی بیری پێ نەکەمەوە لە ڕاستیدا ئەمە جۆرێک وتووێژە لەگەڵ خۆم.

ناوی ئەم بابەتە گژوگیایە لە ژمارە ۱ دەست پێ دەکا ئەم گژوگیایە ئەبێ ببڕم و دارستانەکەم بەهێزتر بکەم.

بردن یان دۆڕان

زۆر جار لە کڵاب هاوس یان تەنانەت ناو وتووێژێک باسێک دەکرێت کە ئامانجی فێربوون لە یەکتر یان گۆڕینی ڕوانگە و گۆشەنیگا نییە بەڵکوو بەس بردنەوە گرنگە واتا هەردوو لایەن  وەکوو ڕکابەری چاو لە قسەو باس دەکەن و هەموو هێزی خۆیان دائەنن کە لەم وتووێژە سەرکەوتوو بن و ئەوی دیکە بڵێ باشە چاوەکەم تۆ ڕاست ئەکەی و من بە تەواوی هەڵەبووم تێناگەن کە ئامانج لە وتووێژ دۆڕاندن یان بردنەوە نییە بەس فێربوون لە یەکترەوە بۆ بەربڵاوکردنی ڕوانگە و بیروباوەڕی ئێمە قازانجی هەیە.

چی بۆ چی خراپە

هەندێ جار ئێمە ئەگەر باسی شتێک ئەکەین وەکوو نەخوێندەوار و پوپولیست باسی ئەکەین بۆ نموونە ئەڵێن ئیسلام باشە یان کۆمۆنیست باشە یان خراپە بەڵام پرسیار وردبینانە و دروست ئەوەیە بۆ کێ باشە یان خراپە؟ بۆ نموونە ئیسلام بۆ عەرەبی ئەو سەردەمە باش بوو ئیمپراتۆریی گەورەی دروست کرد بەڵام بۆ خەڵکانی دیکە کە کران بە کوێلە باش نەبوو! یان کۆمۆنیست وڵاتی ڕووسیەی لانیکەم تا ۱۹۵۰ بۆ ماوەیەک چل ساڵ پێش خستوو تەنانەت لە شەڕی دووەمی جیهانیش پیرۆز بوون واتە بۆ خەڵکی خۆیان لەو سەردەمە باش بوو بەڵام بۆ نموونە هەر لەو سەردەمە وڵاتی ئوکراین لە لایەن ئیستالین گەمارۆ دراو  خەڵکی زۆر لە برسا گیانیان لە دەست دا و بۆ ئەوانە باش نەبوو.

ئەگەر ئەوڕۆ ئەڵێن ناسیۆنالیسم بۆ کورد باشە و تۆ ئەبێ لە پێناوی خەبات بکەی بەم هۆکارەیەو ئەم جۆرە ڕوانینەوە وردبینانە و لۆژیکیە تێدایە واتە هەموو شتێک بۆ هەموو کەس باش نییە و با واز بێنین لەو جۆرە پۆپۆلیستی بیرکردنەوە و نەخوێندەوارییە. 

کە چارەسەرەکان زۆر بوون دیارە هیچ چارەسەرێک نیە

لە کتێبی باخی گێلاس نووسینی چوخۆف بنەماڵەیەک هەیە کە پارەیان نەماوە و قەرزدارن بەس باخێکیان هەیە و دەیانهەوێ بیفرۆشن لە لایەکی دیکەوە ئەگەر ئەم باخە بفرۆشن ئەدی ناتوانن خۆیان وەک چینی باڵادەست پێناسە بکەن و شانازی بە خۆیان بکەن لەبەر ئەوەیە کۆ دەبنەوە و بە دوای چارەسەرێک ئەگەڕێن و مامی خۆیان بانگەشە ئەکەن ئەڕوات بۆ ئەوێ پاش ماوەیەک ئەو کچانە چارەسەری زۆر باس ئەکەن یەکیان ئەڵێ با باخەکە بدەین بە کرێ یەکیان ئەڵێ لە کەسێک پارە قەرز بکەین و.. هتد. هەر کەسێک شتێک باس ئەکات پاش ماوەی مامیان ئەڵێ هیچمان پێ ناکرێت کە چارەسەر زۆر بوو دیارە هیچ چارەسەرێک نییە ئەڵێ چارەسەر ئەبێ یەک دانە بێت و ئەوەندە بەهەز بێت کە هەموومان لەسەری ڕێکەوین پێم وایە لە ژیانی ئاسایی خۆمانیش ئەم شتە بوونی هەیە و هەندێ جار بۆ خۆم دەڵێم کە چارەسەرەکان زۆر بوون دیارە هیچ چارەسەرێک نییە