پێشەکی:
هیچ کات واز لەخوێندنی ژیان نامە ناهێنم. وا دەزانم کە ژیان نامەی ڕێبەر و نووسەرە گەورەکان ڕێگای بەرپێمان ڕووناک دەکاتەوە. بە تایبەت ژیان نامەی ئەو کەسانەی کە لە زۆربەی بوارەکاندا شارەزاو لێهاتوون.
نەوشیروان مستەفا لەم کتێبەدا بە وردی باسی ئاڵ و گوڕی سیاسی کوردستانی باشور لە ساڵەکانی ١٩٧۵–١٩٧٨ دەکات. هەروەها لەگەڵ خۆی ئێمەش دەبا بۆ وڵاتی ئۆتریش و قاوەخانەکانی ڤیەن (Wien) و بۆ سنووری سووریە و حەسکە و قامیشلی هەتا چیاکانی برادۆست و داڵان پەر. دوایی ئەگەڕینەوە بۆ شنۆ سەرسنووری ئێران.
لەگەڵ پیشمەرگە قارەمانەکان چەک و تەقەمەنی ڕوانەی بنکەکانی یەکیەتی دەکەین و شۆڕشی نۆی دەس پێ دەکەین.
وتار:
ئەمە یەکەمین کتێبی نەوشیروان مستەفایە کە دەیخوێنم و ئەوەندە بەلام بەنرخ و خۆش بوو کەدەمهەوێ هەموو کتێبەکانی دیکەشی یەک لە دوای یەک بخوێنم. پاش شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩۶١ (کتێبێک هەربەم ناوە هەیە سەبارەت بە شۆڕشی مەڵا مستەفا کە لە داهاتوو دەیخوێنم) خەباتی چەکداری لە کوردستانی باشور دەستی پێ کرد و ئەم شەڕە پارتیزانیە دریژەی بوو تا ساڵی ١٩٧۵ و گرێبەستی ئەلجەزایر، ئەم گرێبەستە لە نێوان ئێران و عێراق واژوو کراو بە پێ ئەم گرێبەستە حکوومەتی پەهلەوی ئێران نابێ لە کۆرد پشتیوانی بکات و ڕێگەنەدا کە بارزانی هێرش بکاتە سەر رژیمی سەدام. پاش ئەم پەیمانە حێزبی پارتی دێمۆکرات وازیان لە خەباتی چەکداری هێنا و زۆربەی کادروڕێبەرانی حێزب ڕوویان لە ئێران کرد و بە فەرمانی شای ئێران لە کەرەج نیشتە جێ بوون.
زۆربەی پێشمەرگەکانی پارتی دوای ئاش بەتاڵ چەک و تەقەمەنی خۆیان رادەستی حکوومەتی عێراق کرد و بە فەرمانی مەڵا مستەفا وازیان لە چەک هێنا. نائۆمێدی زۆر لە نێوان خەڵکی کۆردستان پیک هاتبوو. بەعس بە بیانوی جۆراوجۆر خەڵکی ئەگرت و ئەکوشت و لە سێدارە ئەدا ئەم نائۆمیدیە بوو بە هۆی ئەوەی کە هێزێکی نوێ لە باشووری کوردستان سەر هەڵبدا و خوازیاری خەباتی چەکداری بێت نەوشیروان مستەفا و مام جەلال و هاوڕیانی کەوتنە جم و جۆڵ و خۆڕێکخستن بو سازکردنی هێزێکی سیاسی و چەکداری لە دژی عێراق. سەرەتا لە سنووری سووریە جێگیر بوون و حافز ئەسەد بە هۆی کێشەی لە گەڵ سەدام یاری ئەوانی دا و توانیان خۆیان ساز بکەن، سەرەتا یەکیەتی لەگەڵ حێزبی کومەڵەی ڕەنجدەران هاوپێمان بوو پاشان لەگەڵ چەند حێزبێکی چەپ وەک حێزبی سوسیالیزم یەکیان گرت.
نەوشیروان مستەفا لەم کتێبەدا زۆر بە وردی باسی ناوچەکە دەکات بۆ نموونە لە سەر بابەتی ئابووری، جۆتیاری و مەڕوماڵات و فراوان بوونی ئاو و کانی لە کوردستان و بەنداوی دووکان ، … باس دەکات و پێ وایە لە داهاتوودا کوردستان دەتوانێ لە بواری جووتیاری و کشت و کاڵ و ئاژەڵ داری و هەروەها گەشت و گۆزار پێش کەوێت و سوودی لە وەربگرێت.
هەروەها زۆر بە وردی باسی کۆمەڵناسی کوردستان و تەرێقەتی نەقشبەندی و قادری و بیروباوڕی ئائینی خەڵک دەکا و چەند لاپەڕەش سەبارەت بە کوردانی ئیزەدی دەنووسێت. ئەم کتێبە نەک لە بواری سیاسی و چەکداری و خەبات بەڵکو لە هەموو بوارەکاندا ئاڵ و گۆڕی کوردستان شی دەکاتەوە و بە شێوەی ڕۆژنامەوانی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە دەخاتە پێش چاوی خوێنەر کە ئەمەش نیشانەی هێزی قەڵەم و ڕوشنبیری نووسەرە.
شەڕی حەکاری یەکێ لە خراپترین رووداوەکانی کوردستانە. بەڕاستی براکوژی لە نێوان کوردا نموونەی زۆرە و لە ئێران و عێراق دەێان جار ڕووی داوە، هەرکات بیر لەوە دەکەمەوە زۆر پەرۆش ئەبەم هەڵبەت شەڕی ناوخۆ لە دنیا شتێکی ئاسائیە و لە هەموو شوێنی ڕوو دەدات، بەڵام بۆ میللەتێکی بن دەست و زۆڵم لێ کراو کە هەموو هێز و شکۆی ئەو میللەتە یەکگرتن و پیکەوە بوونە کارەساتی ئاوا دڵتەزێن و سامناکە. شەڕی حەکاری لە نێوان یەکیەتی و بارزانی و عەشیرەکانی بارزانی ڕووی دا کە بوو بە هوێ کوژرانی سەدان کەس لە پێشمەرگەکانی یەکیەتی و هەندێ کەس لە عەشیرەکانی بارزانی و هێزی قیادە.
بە هیوام شەڕی برا کوژی لە کوردستان تەواو بێت و کورد بە وردی چاو لە مێژووی خوەی بکات و هیچ کات ئەم هەڵەێە دووپات نەکاتەوە. پاش ئەوەی لە شەڕی حەکاری زیانێکی زور لە یەکیەتی دەدرێت نەوشیروان مستەفا و مام جەلال تێ ئەکۆشن خۆێان ڕێک بخەن و شوڕشی چەکداری دەس پێ بکات. کتێبەکە پاش هەوراز و نشیوێکی زۆر کۆتایی پێ هات و من ماوم هەزار بیری جۆراوجۆر لە سەر شۆڕشی کوردستان، ئاڵ و گۆڕی ڕۆژهەڵاتی نیوە ڕاست و ….