وڵاتی بێ پایتەخت

وڵاتی بێ پایتەخت ناوی کتێبێکە, محەمەد مەسعوود جەلیزادە نووسیویەتی ئەم نووسەر و ڕۆشنبیرە کوڕی نەمر مەسعوود محەمەد نووسەر و ڕوناکبیری کوردە. یەکەم جار لە یوتیوب و دیتنی زنجیرە باسێک ۴٠ بەشی بەناو نەوەکانی هێکتور مامۆستا محەمەد مەسعوودم ناسی، ئەو زنجیرە باسە بە تێروتەسەلی باسی نەوەکانی ئاخیل و هێکتور دەکات و لە ڕاستیدا شێوە ڕوانینێکە بۆ ڵێکدانەوە و درووست بوونی دوو شارستانیەتی یونان و ڕۆم. هەڵبەت لە کتێبی وڵاتی بێ پایتەخت دیسان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باسانە.

بابەتی سەرەکی و با بڵین کاکڵەی وتەکانی ئەم کتێبە تێکەڵ کردنی عەشیرەت و شارە بۆ بونیادنانی شارستانیەت واتە باسی ئەوە دەکەت لە میژوودا هۆز و عەشیرەت وەکوو نێر و سپێرمە و شار وەکوو هێلکە یان مێ بەراورد دەکرێ واتە ئەگەر شارێکی وەرگرمان بێت دەکرێ ئەو هۆزە لەو شارە بتوێنەوە، بۆ نموونە هۆزی ئەردەڵان و وەزیری و تێکەڵ بوونیان لە ناو شاری سنە و دروستکردنی میرنشینی ئەردەڵان یان وەکوو بابان و سلێمانی یان بارزانی و هەولێر یان قاجار و تەورێز و هتد..

هەڵبەت پێش گریمانەی ئەم تواندنەوە دوور بوونە لە کەلتووری خۆییاتی. ئەم باسە ئەگەریش لای ئێوە بە تەواوی ڕاست نەبێ بە ڕای من دەبێتە هۆی گەشەی هزری لە کۆمەڵگا و درووست کەری وتووێژە لەناو چینی ڕۆشنبیر کە بە ڕاستی کورد زۆر پێویستی بەم باسانەیە، یەکەم بۆگرێ دانی خۆی وەکوو نەتەوە بە هەموو جیهان، دووەم بۆ دۆزینەوەی رێگایک کە لەم دۆخە شێواوە خۆی دەرباز بکات.       

بەڵام هەندێک تێبینیم هەیە سەبارەت بەم کتێبە:

یەکم بابەتەکە تۆزێک سنووردارە و هەموو ڕەهەندەکانی کۆمەڵگا ناگرێتەوە بۆ نموونە ئەگەر نووسەر بیهەوێ باسی لێکدانەوەی کودستان یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆشە نیگای دێمۆگرافی بکات دەبێ سەردێڕی کتێبەکەش بگوڕێت یان خۆی بڵێت ئەم کتێبە لە گۆشە نیگای دێمۆگرافی نووسراوە. لەبەر ئەوەی کە کاریگەری دین، ئابووری، سایکۆلۆژی و … لە وڵاتی بێ پایتەخت ڕووک کەکراوەتەوە هیچ باسێک لەسەری نیە.

هەروەها لە پادکۆستی ڕووداو کە مامۆستا محەمەد لەسەر هەموو گرفتەکانی کۆمەڵگا قسە دەکات تۆ هەست دەکەی چەکوشێکی بەدەستەو هەموو شتێک وەکوو بزمار دەبینێت. لە بۆ نموونە بە ئینتمای نیشتمانی دەیهەوێ ڕەوتی چەپ و فێمینیسم و ئابووری ‌هەمووی شی بکاتەوە.لەبەر ئەوەی زوربەی باسەکانی مامۆستا لە ناو کتێب یان ڤیدیۆ یەک رەهەندی و تەسکە.

لە کتیبی وڵاتی بێ پایتەخت بەشێکی کەم لەو کتێبە تەرخان دەکات بۆ کوردستان و لە کۆتایی کتێبەکە سەبارەت بە کوردستان قسە دەکات، واتە زوربەی لەو کتێبە بە گشتی باسی عێراق و ڕوژهەڵاتی ناوە ڕاست دەکات. نووسەر هیچ بەدیل و ڕێگا چارەیکی ڕاستەقینەی نیە نە لە کتێبەکە و نە لە ڤیدیوکانی خۆی، بە گشتی ئەڵێت دەبی بە ژن و ژنخواز لە ناو یەکتر بتوێنەوە یان ئینتمای نیشتمانی بێت یان زمانی یەکگرتوومان بێت و … بە ڵام ناڕواتە ناو وردکاری هەروەها خۆی لە دین و سیاسەت دوور ئەگرێ ڕەنگە لە ڕەخنە و ڕوانینی خەڵک دەترسێت و نایهەوێت لەگەڵ ئەو شتانە ڕووبەڕوو بێت. بەڵام بە وتەی کوردی ناکرێت لە ئاو بدەیت و قاچت تەڕ نەبێت شتی وا نابێت.

لە کۆتایی داواتان لێ دەکەم ئەم کتێبە بخوێنن و ڤیدیوکانی نەوەکانی هێکتوریش چاو لێ بکەن کە بە ڕاستی زانیاری زۆری تێدایە. هیوادارم مامۆستا لەشی ساغ بێت و بەردەوام بێت.

  

 

بۆ مێژوو نووسینی مەسعوود بارزانی


بەڵێنم داوە وەکوو خوێندنی کتێبی ژیاننامه کە بە ڕاستی حەزم لێیە. ژیاننامەوکتێبی ڕێبەرانی کورد بخوێنم. کتێبی بۆ مێژوو نووسینی مەسعوود بارزانی جێاوازە لەگەڵ ژیاننامەی نەوشیروان مستەفا و نووری پاشا وهتد. لەبەر ئەوەی مەسعوود بارزانی لە ئێستادا ناڕاستەوخۆ لە سەر کورسی دەسەڵاتە و پارتی دەسەڵاتی کوردی هەیە لە باشوور. حکوومەتی هەرێم لە دۆخێکی هەستیارە و بە ڕاستی دوژمنی زۆرە. لەبەر ئەوەیە کە نووسینی وشە بە وشەی ئەم کتێبە ئەتوانێ لەسەر دۆخی کورد بابڵین لە باشوور کاریگەری خۆی هەبێت.
هەر بەم هۆکارەش کتێبەکە زۆر بە شێوازێکی دیپلۆماتیک نووسراە کە تۆ هەست دەکەی لە کونگرەی ڕۆژنامەوانی دانیشتووی و گوێت لە مەسعوود بارزانیە هەڵبەت ئەمە لە ڕووی سیاسیە و شتێکی باشە پێم وایە ئەمە یەکمجارە کورد نەک لەبەر هەست و سۆز بەڵکوو لە پێناو هوکارێکی سیاسی کتێب ئەنووسێت.
بارزانی لەم کتێبە زۆرتر باسی مافی کورد بۆ سەربەخۆیی دەکات هەڵبەت لە پێکهاتەی یاسای نێونەتەوەیی. وا دیارە ڕووی لە خەڵکی کوردستان نیە و دەیهەوی ئامریکا و ڕێکخراوی نەتەوەیکگرتووەکان لەسەر پرسی کورد ڕازی بکات.
هەڵبەت باسی ئەوە ناکات کە بۆ دەبێ کورد دەوڵەتی خۆی درووست بکات؟ ئێمە دەزانین کە نەیار و دوژمن لە ناوخۆ ودەرەوەی وڵات بوونەتە لەمپەرێک بۆ درووست کردنی دەوڵەت و سەربەخۆیی هەر بەم هۆیەش دەبوا بارزانی ئەم باسەی بکردایات کە سوودەکانی سەربەخۆیی چیە و بۆ تاکی کورد دەبێ هەوڵی ئەوە بدات؟
بۆ درووست کردنی دەوڵەت دەبێ هاوکات زلهێزەکان ڕازی بکەیت و لەگەڵیان هاوپەیمانی پێک بێنیت، لە لاێەکی دیکەوە خەڵک لەگەڵ خۆت هاوڕا بکەیت بۆ جێ بەجێ کردنی پڕۆژەیکی سیاسی گەورە. ئەگەر چی لە ڕێفراندۆم زورتر لە ۹۰ لەسەدی کورد دەنگی بە سەربەخۆیی دا بەڵام پێم وایە خەڵک بە وردی نازانن دەوڵەت درووست کردن چەسوودێکی هەیە و ئەرکی خۆیان لەم پڕۆسە چیە .
بارزانی تایبەتمەندی کوردستان و نەتەوەی کورد باس ناکات و لەگەڵ زۆر وڵاتی دیکە بەراوردی دەکات بەڵام بە ڕاستی پرسی کورد دەبێ بە وردی شی بکرێتەوە. بۆنموونە کێشە لەگەڵ عێراق، یان ئەنفاڵ و کیمیایی ئەگەر چی ڕاستیەبەڵام نابێتە مەرجی سەرەکی و بیانوو بو درووست کردنی دەوڵەت واتە پێویست ناکات نەتەوەێک لە پێشدا ژینۆساید بکرێت دوایی دەوڵەتسازی بکات.
دەوڵەتسازی لە ڕقی وڵاتی دراوسێ یان قەرەپوو کردنەوەی ژینۆساید نیە بەڵکوو پڕۆژەێکی سیاسیە کە تا ئێستا نەمدیوە ڕۆشنبیرێکی کورد باسی ئەوە بکات کە سوودەکانی چیە و ئەرکی تاکی کورد لەم پڕۆژەدا چیە.
پێم وایە تەنانەت ئەگەر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دان بەوەش دابنێت و بە فەرمی کوردستان ببێتە دەوڵەت بەڵام خەڵک پێ وابێت دەوڵەت باوکی ئەوانەو ئەرکی بەس بڵاو کردنی پارە و مووچەیە و وەکووتاک ڕۆلێکی گرنگ و بەرچاوی نیە و خۆی بە خاوەنی ئەو سەروەریە نەزانێت، لە ئاکامدا دەوڵەتێکی لاواز و هەژار درووست دەکرێت کە خەڵکێکێ کەم ئەندام و چەقبەستوو لەوێ دەژین وەکوو زوربەی لە وڵاتە ئیسلامیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

گژوگیا ژمارەی ۱

هەندێک بابەت هەیە کە ناتوانم بە ناو وتارێک یان دەقێک دوور و درێژ بینووسم، هەروەها پێویستە کە بینووسم با لە مێشکم بۆ هەمیشە بڕوات و ئەدی بیری پێ نەکەمەوە لە ڕاستیدا ئەمە جۆرێک وتووێژە لەگەڵ خۆم.

ناوی ئەم بابەتە گژوگیایە لە ژمارە ۱ دەست پێ دەکا ئەم گژوگیایە ئەبێ ببڕم و دارستانەکەم بەهێزتر بکەم.

بردن یان دۆڕان

زۆر جار لە کڵاب هاوس یان تەنانەت ناو وتووێژێک باسێک دەکرێت کە ئامانجی فێربوون لە یەکتر یان گۆڕینی ڕوانگە و گۆشەنیگا نییە بەڵکوو بەس بردنەوە گرنگە واتا هەردوو لایەن  وەکوو ڕکابەری چاو لە قسەو باس دەکەن و هەموو هێزی خۆیان دائەنن کە لەم وتووێژە سەرکەوتوو بن و ئەوی دیکە بڵێ باشە چاوەکەم تۆ ڕاست ئەکەی و من بە تەواوی هەڵەبووم تێناگەن کە ئامانج لە وتووێژ دۆڕاندن یان بردنەوە نییە بەس فێربوون لە یەکترەوە بۆ بەربڵاوکردنی ڕوانگە و بیروباوەڕی ئێمە قازانجی هەیە.

چی بۆ چی خراپە

هەندێ جار ئێمە ئەگەر باسی شتێک ئەکەین وەکوو نەخوێندەوار و پوپولیست باسی ئەکەین بۆ نموونە ئەڵێن ئیسلام باشە یان کۆمۆنیست باشە یان خراپە بەڵام پرسیار وردبینانە و دروست ئەوەیە بۆ کێ باشە یان خراپە؟ بۆ نموونە ئیسلام بۆ عەرەبی ئەو سەردەمە باش بوو ئیمپراتۆریی گەورەی دروست کرد بەڵام بۆ خەڵکانی دیکە کە کران بە کوێلە باش نەبوو! یان کۆمۆنیست وڵاتی ڕووسیەی لانیکەم تا ۱۹۵۰ بۆ ماوەیەک چل ساڵ پێش خستوو تەنانەت لە شەڕی دووەمی جیهانیش پیرۆز بوون واتە بۆ خەڵکی خۆیان لەو سەردەمە باش بوو بەڵام بۆ نموونە هەر لەو سەردەمە وڵاتی ئوکراین لە لایەن ئیستالین گەمارۆ دراو  خەڵکی زۆر لە برسا گیانیان لە دەست دا و بۆ ئەوانە باش نەبوو.

ئەگەر ئەوڕۆ ئەڵێن ناسیۆنالیسم بۆ کورد باشە و تۆ ئەبێ لە پێناوی خەبات بکەی بەم هۆکارەیەو ئەم جۆرە ڕوانینەوە وردبینانە و لۆژیکیە تێدایە واتە هەموو شتێک بۆ هەموو کەس باش نییە و با واز بێنین لەو جۆرە پۆپۆلیستی بیرکردنەوە و نەخوێندەوارییە. 

کە چارەسەرەکان زۆر بوون دیارە هیچ چارەسەرێک نیە

لە کتێبی باخی گێلاس نووسینی چوخۆف بنەماڵەیەک هەیە کە پارەیان نەماوە و قەرزدارن بەس باخێکیان هەیە و دەیانهەوێ بیفرۆشن لە لایەکی دیکەوە ئەگەر ئەم باخە بفرۆشن ئەدی ناتوانن خۆیان وەک چینی باڵادەست پێناسە بکەن و شانازی بە خۆیان بکەن لەبەر ئەوەیە کۆ دەبنەوە و بە دوای چارەسەرێک ئەگەڕێن و مامی خۆیان بانگەشە ئەکەن ئەڕوات بۆ ئەوێ پاش ماوەیەک ئەو کچانە چارەسەری زۆر باس ئەکەن یەکیان ئەڵێ با باخەکە بدەین بە کرێ یەکیان ئەڵێ لە کەسێک پارە قەرز بکەین و.. هتد. هەر کەسێک شتێک باس ئەکات پاش ماوەی مامیان ئەڵێ هیچمان پێ ناکرێت کە چارەسەر زۆر بوو دیارە هیچ چارەسەرێک نییە ئەڵێ چارەسەر ئەبێ یەک دانە بێت و ئەوەندە بەهەز بێت کە هەموومان لەسەری ڕێکەوین پێم وایە لە ژیانی ئاسایی خۆمانیش ئەم شتە بوونی هەیە و هەندێ جار بۆ خۆم دەڵێم کە چارەسەرەکان زۆر بوون دیارە هیچ چارەسەرێک نییە

ڕاپەڕینی ١٨٨٠ شێخ نەهری لە بەڵگە نهێنیەکانی بریتانیا

ئەم کتێبە لە لاێەن جەماڵ میرزا عەزیز نووسراوە و بێهزاد خوشحالی کردویە بە زمانی فارسی بە ناوی “قیام ۱۸۸۰ کردستان در اسناد محرمانه بریتانیا”. لە ساڵی ١٣٧٩ هەتاوی لە ئێران چاپ بووە و لە ژمارەی ٢٠٠٠ دانە بڵاو بووەتەوە. شێوازی کتێبەکە زنجیرە نامێلکەو تەلەگرافە لە نێوان دەوڵەتی ئێران و عوسمانی و لە ساڵی ١٨٨٠ نووسراوە زوربەی لە م تەلەگرافانە لە لاێەن پاوشای ئێران بۆ دەوڵەتی عوسمانی یان لە لاێەن باڵوێزی بریتانیا و … نووسراوە لە و سەردەمە قاجار لە ئێران حوکم دەکا و ناسرالدین شا پاوشای ئێرانە.

زوربەی لە نامەکان سەبارەت بە داواکاری ئێران لە عوسمانیە بو سەرکوت کردن یا ڕێگە گرتن لە شێخ عوبەیدوڵای نەهری. شێخ نەهری شۆڕشێکی بەربڵاو دژ بە حکوومەتی ئێران دەس پێ دەکا و ئەتوانێ کەمتر لە یەکساڵ هەموو عەشیرەتی کورد لە ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان ڕێک بخات.

هەڵبەت شێخ نەهری خاوەن سوپاێەکی شەڕکەر بووە و لە شەڕی عوسمانی لەگەڵ ڕووسیا یارمەتی حکوومەتی عوسمانی داوەو لەو شەڕا بەشداری کردووە. هەر بەم هوکارەش دەوڵەتی عوسمانی چەکی مارتینی داوە پێیان کە لەو سەردامە چەکێکی نوێ و بەهێز بووە و تەنانەت سوپای ئێرانیش ئەو چەکیە نەبووە. مارتینی لە ساڵی ١٨٧١ لە بریتانیا درووس کراوە و کەمتر لە ۷ ساڵ گەیشتووە بە دەس شێخ نەهری.

 

 

شێخ نەهری لەو سەردەمە نزیک بە سی هەزار چەکداری بووە و کوڕی شێخ نەهریش پێنج هەزار چەکداری بووە و لە مەهاباد و ورمێ و میاندوئاو لەگەڵ سوپای ئێران شەڕدەکات. ئەو ناوچەێە کە لە ژێر حوکم و دەسەڵاتی شێخ نەهری  ناوچەێک لە نێوان گۆمی ورمێ(بە داخەوە لەم دوایانە وشک بووە) و گؤمی وان دەبێ هەڵبەت پایتەختی دەسەڵاتی لە حەکاریه. پێشتر بیستوومە کە ئەڵێن نیشتمانی ئەرمەنیەکان لای خۆیان زۆر پیروزە ئەکەویتە نێوان سێ گۆمئ ورمێ، وان، سوان واتە نێوان ئێران و تورکیا و ئەرمەنیا لە ئێستا. دیارە لەو سەردەمە ئەرمەنی و مەسیحی (نەستووری)لەوێ زۆر بووە.

زۆر بوونی مەسیحی نەستووری هۆکاری مێژووی هەێە. بناغەدانەری ئەو لقە لە ئایینی مەسیحی واتە نەستوریوس خەڵکی شاری قارەمان مەرعەشی تورکیا (لە ئێستا)بووە. هەروەها پاوشای ساسانی واتە پیروزی یەکم ڕێزی زۆری داناوە بؤ نەستووریەکان هەر بەم هۆکارە ژمارەیان لە ئێران و ناوچەی ورمێ پەرەی سەندوە.

زوربەی تەلەگرافەکان لە لاێەن باڵوێزی بریتانیا لە وڵاتی ئێران و تورکیا بووە. هەر دوو وڵاتەکەش بۆ چارەسەر کردنی شوڕشی کورد پەنا دەبەن بۆ بریتانیا و خوازیاری ئەوەن کە بریتانیا ناردنی چەک و پارە یارمەتیان بدات و شێخ نەهری لەو دوو وڵاتە دوور بخات. دەوڵەتی عوسمانی لەسەرەتاوە نایهەوێ خۆی سەرقاڵی کێشەی ئێران بکات و ڵامێکی ڕاستەوخو بە ناسرالدین شا ناداتەوە. بەڵام دەوڵەتی عوسمانی لەوکاتە بۆی دەرئەکەوێت شێخ نەهری ویستویە دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە نێوان ورمێ و وان درووس بکات ڕێگای گەڕانەوەی شێخ نەهری دادەخات و هێرشی بۆ دەبا.

پایتەختی شیخ نەهری پارێزگای حەکاریە و ئەم پاریزگا ئێستا لە سەر سنووری ئێران و تورکیایە. هەروەها لەم شوڕشە عەشیرەتی هەرکی و مەنگۆڕ یارمەتی شێخ نەهریان داوە. دەکرا لە سەر شوڕشی شێخ نەهری یان شۆڕشی چیای ئاگری یان سمکوخان و قازی فیلم و پادکەست و شانو …. درووس بکرێت. بەڵام بە داخەوە ئیمەی کورد خاوەنی دەوڵەتی خومان نەبووین و نەمانتوانیوە ئەم کارانە بکەین.

 

دۆنی ئارام و جیهانی ئاڵۆز

یەکەم جار کە کتێبی شۆلۆخوفم خوێند ئەگەڕێتەوە بۆ بیست ساڵ لەوەو پێش. ناوی کتێبەکەش “زەوی ئاوەدان کراو” بوو سەبارەت بە پلانی هاوبەش بوونی زەوی واتە کشت و کاڵ لە لاێەن یەکیەتی سۆڤیەت . لەوسەردەمە کشت و کاڵی خەڵکی لادێ بە شێوەێکی هاوبەش دەکرا و کەس خاوەن زەویکی تایبەت نەبوو. هەموو ئەم کتێبە سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی خەڵک لەو ساڵانە بوو.

ئەوساڵ خەریکی خوێندنی کتێبی دۆنی ئارامم. ئەم کتێبە ٢٠٠٠ لاپەڕەیەو لە ۴ بەرگ نووسراوە. کتێبی دۆنی ئارام سەبارەت بە ئاڵ و گۆڕی خەڵکی قەزاق لە نزیک ڕووباری دۆنە و ڕووداوەکان ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٩١۴ هەتا ١٩٢٠، کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە پیاوێکە بە ناو گریشکا لە بنەماڵەی مێلۆخۆف.

ڕووداوەکان ئەگەرێتەوە بۆ چەند سال پێش شۆڕشی ١٩١٧ لە ڕووسیا، لەو سەردەما خەڵکی قەزاق لە ناو گەرمی شەڕی ئاڵمان بوون و شەڕی یەکەمی جیهانی بەردەوام بوو. ئاڵمان لەم شەڕە بە تەواوی دووڕاو پاشەکشەی کرد هەر ئەم دوورانەش بووە هۆکاری شەری دووهەمی جیهانی و تۆڵەسەندنەوەی هیتلێڕ.

یەکەم شتێک کە بوو بە هۆکاری شۆڕشی ١٩١٧ پڕۆپاگاندای حێزبی بلشویک بوو کە دەیانگوت ئێمەوئاڵمان نابێ شەڕی براکۆژی بکەین و ئەم شەڕە بۆ پاراستنی سامان و پارەی چینی سەرماێەدارە و بۆ ئێمە سوودی نیە. ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنی بلشویکەکان لە بەرەی شەڕ هەموو ڕۆژێک بڵاو ئەبوو.

ئاڵمان پێ خۆش بوو ئەم بیرۆکە لە ناو خەڵکی ڕووسیا بڵاو بێتەوە و تەنانەت یارمەتی لێنینی ئەدا لەبەر ئەوەی شەڕەکە کۆتایی بێت. ڕووسیا پاش شەڕی یابان بە گشتی لاواز بوو و شەڕی ئالمانی پێ ناکرا. هەموو ئەم ئاڵ و گۆڕە بوو بە هۆی ڕووخانی حکوومەتی تێزاری ڕووسیا.

خەڵکی قەزاق لە ناو ئەم کتێبە دوو بەرەی بە تەواوی جێاواز پێک دینن. یەکیان لاێنگری بێلشویک و کۆمۆنیستە و بەرەی دیکەش لاێنگری تێزار و دەسەڵاتی کۆن. هەڵبەت ئەو بەرەی کە لاێنگری تێزار و دژە کۆمۆنیستن زۆربەیان ناسیوناڵیستن و پێان خۆشە کە ولاتی قەزاق دامەرزینن بەڵام بیرۆکەی چەپ و ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیست ئەوەندە بە هێزەو لای خەڵک سەرەنج ڕاکێشە کە ناسیۆناڵیستی قەزاق ناتوانێ بەرگری لە خوێ بکات و پاش شەڕێکی ناوخۆ لەشکری قەزاق تێک دەچێت و لەشکری سوور و هێزەکانی کومیتەی حێزب هەموو ڕووسیا دەگرێت.

ئەم کتێبە جاروبار لەم دنیایە کە تێدا ئەژیم دابڕانێک درووس ئەکات و ئەمباتە ناو قووڵایی ڕۆمانەکە پێم خۆشە تەواو نەبێت و جاروبار وەکوو چێشتێکی خۆش کەوچکێکی لێ بخوەم.

 

 

ژن و گواستنەوەی کەلتوور

ئەڵێن لەو سەردەمە کە ژێرمەنەکان لەگەڵ سۆپای ڕوم شەڕیان دەکرد (ساڵی ۹ و ۱۶ زایینی). سۆپای ڕوم ژن و منداڵی خۆی لە پشتەوە دائەنا و خۆی دەچووە پێش لەبەر ئەوەێ کە هەرکات شارێکیان داگیر کرد. بە خێرایی ژن و منداڵەکانیان بۆ ئەو شارە بگوازن و شارەکە بە گشتی داگیربکەن. ئەم شێوە بۆ ڕومیەکان زۆر مەترسی دار و سامناک بوو لە بەر ئەوەی کە ئەگەر هێزی عەسکەری شارێک داگیربکات ناتوانێ کەلتوور و زمان و تەنانەت دینی خۆی لەو شۆێنە جێگیرکات و پاش ماوەێک ئەو شۆێنە چۆڵ دەکات.

بەڵام باسی ژن زۆر جێاوازە. کە ژن هات و نیشتەجێ بوو منداڵیش بە دوای ژن دێت، پەروەردەو کەلتوور و زمان و دین و داب و نەریت و ڕەوشتی ژیانیش لە گەڵی دێت و ئەو وڵاتە بۆ هەتاهەتاێە ئەگۆڕدرێ. لەبەر ئەوەش بوو کە ڕۆمیەکان لەو شێوە شەڕە کە ژێرمەن دەێکرد زۆر دەترسان.

 ئەگەر چاو لە هێرشی مۆغول بکەین سۆپای مۆغول بە سەرکرداێەتی چەنگیزخان وڵات و شاری زۆریان وێران کرد و زۆر شوێنیان داگیر کرد. بەلام بەس ئەوانە سۆپای عەسکەری بوون لە بەر ئەوە کە بە خێزانەوە نەڕویشتن نەیانتوانی کەلتوور و داب و نەریتی خۆێان لە هیچ شۆێنیک دابمەرزێنن.

جا چەنگیزخان بۆ خۆی دەیگۆت ئیمە بەس لەسەر ئەسب حکوومەت دەکەین و ئیش دەکەین، هەرکات لە سەر ئەسب دابەزین ئەدی ناتوانین حکوومەت بکەین و نیشتەجێ بین. جا باسم لەسەر ئەوە بوو کە ژن کاریگەری زۆری لەسەر پارستن یان لەناوبردنی کەلتوور و داب نەریت هەێە.

تەنانەت ئەگەر چاو لە کۆچ کردن و پەنا بردن خەڵک بکەین بۆ نموونە لە فەڕانسە و ئێنگلیس ژمارەێ پەنابەری مۆسڵمان زۆرە و زۆربەیان بە ژن و منداڵ لەوێ ئەژین لەبەر ئەوەش کەلتووور و دینی خۆێان پاراستووە و ئەو شوێنە بووەتە وڵاتی ئیسلامی! بۆ نموونە ئەتوانین ئاماژە بە شاری بیرمەنگام لە ئێنگلیس بکەین.

هاوڕێان ئێنگلیس ۶۰۰ دانە مزگەوتی هەێە، ۶۰ دانە قۆتابخانەی ئیسلامی هەێە. زۆربەی ئەو خەڵکە بە بنەماڵەوە ڕۆیشتن بۆ ئەو شارە و نیشتەجی بوون هەر بۆێە کە داب و نەریتی خۆیانیش گواستوەتە ئەوێ جا ئەگەر چاو لە دیاسپۆرا و دەستەبژێربکەین کە بە هۆی درێژەدان بە خۆێندن یان دۆزینەوەی کار وەکوو تاکی کەس ڕویشتوون بۆ هەندەران، لە بەر ئەوەی کە ژن و منداڵ لە گەڵیان نەبوون نەک هەر کەلتوور و داب و نەریتی خۆێان نەماوە تەنانەت لە ژێر کاریگەری ئەو کەلتوورەش هەن. پێم واێە خەڵکی ئوروپا ئەبێ لە کۆچی بنەماڵە زۆرتر بترسێ تا کۆچی تاکی کەس واتە تاک ئاسانتر لە گەڵ کۆمەڵگا تێکەڵ ئەبێت.

ئەم باسە تەنیا بۆ کۆچ کردن و پانابەری نیە. هەر لە وڵاتیش ژن کاریگەری لەسەر کەلتوور و پاراستنی داب و نەریت و زمان لە پیاو زۆرترە. لە ڕاستیدا ژن یەکەمین سەنگەری پاراستنی زمان و کەلتوور و داب و نەریتە.   

زۆنی زەرد و باشووری کوردستان

ڕەخنە گرتن لە هەموو شتێک بووەتە کاروباری خەڵک، جا لە نێو کۆردەواری خۆمانە ئیرەیی یان حەسوودی دەبێتە هۆکاری زۆربەی لە ڕەخنەکان. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک پارەی زۆری بێت ئەڵێن ئەوە دزی کردووە. ئەگەر کۆمپانیاێک بەرەو پێش بڕوات ئەڵێن ئەوە سەربە ڕژیمە یان سەر بە حکوومەتە.

بێ بەڵگە قسە دەکەن و تەنانەت نایانهەوێ یەک کەس لە خویان باشتر بێت. دیارە ئەم ڕوانگە گەیشتووە ئاستی حکومەت و حێزبە سیاسیەکانیش.

لەهەر چوارپارچەی کوردستان نەرینی زۆر بەرامبەر بە حێزبی پارتی واتە پارتی دێمۆکراتی کوردستان هەێە. بۆ نموونە ئەڵێن هەموو پارتی دزە، پارتی جاش و پیاوی تۆرکیا و دەزگاێ ئاسایشی میتە، پارتی دیکتاتۆرە و هەزار شتی  دیکە. زۆربەی لە ڕەخنەکان لەبەر ئەوەێە کە پارتی بە هێزە و باش ئیش دەکات.

جا ئەگەر لەو کەسە کە ڕەخنە دەگرێت ئەپرسی باشە تۆ لاێنگری کام حێزبی وڵام ئەداتەوە حێزبی x  یان y جا ئەگەر چاو لە حێزبەکەێ دەکەیت هەزار جار لە پارتی خراپترە و بە دریژایی تەمەنی یەک ئەرک و پلانی خۆی جێ بە جێ نەکردووە و هیچ دەسکەوتێکی نەبووە.

یان ئەڵێن من هیچ حێزبێک بە باش نازانم و لاێنگری هیچ کامیان نیم. برا و خوێشکی خۆشەویست خەباتی سیاسی لە هەر وڵاتێک بە حێزب و لێژنە و دەنگ دان دیار دەبێ لەوڵاتی ئامریکا دوو حێزبی سەرەکی هەێە، دێمۆکرات و کۆماری خواز. کاتی دەنگ دان ناتوانی بڵی هیچ کامیان باش نین ئەگەر بتهەوی لە داهاتووی سیاسی ئە وڵاتە بەشدار بیت ئەبێ یەکیان هەڵبژێریت لێرەدا کەوانێ بکەمەوە (ئەویش ئەوەیە لە وڵاتی وا لاێنگری دیمۆکراسیەو حێزبی ڕاستەقینەی هەێە و دەنگ دان بەس شانۆ نیە ).

بۆ درێژەدان بە دێمۆکراسی دەنگ دان ئەرکی سیاسی هەمووکەسە. بەڵام لەو شوێنە کە دیکتاتۆری خۆی سەپاندوە بە سەر ئێرادەی خەڵک، مێدیا و ڕۆژنامەکان و حێزب ئازاد نین دەنگ دان تەنیا پەسەند کردنی دیکتاتۆرە و نەک شتیکی دیکە.

بە ڕای من لە حکوومەتی هەرێم یان لە هەر چوارپارچەی کوردستان زۆنی زەرد لە هەموو بوارێکدا واتە ئەمنی، ئابووری، ئازادی، فرەڕەنگی، لە زۆنی سەوز باشترە و تەنانەت بارودۆخی زۆنی سەوزیش لە عێراق باشترە.

ئەدی ئەگەر ئەم شتە ڕوونەو هەموومان دەزانین زۆنی زەرد واتە هەولێر و دهۆک و زاخۆ دەستکردی پارتیە. بە وتەی کوردی دار بە بەریا بناسە ئەگەر ئەو دارە میوەی باشی بوو ئەتوانی بڵی ئەو دارە چاکە. پێم ناکرێ بڕۆمە قووڵایی باسەکانی هەرێم و کێشەی حێزبایەتی و سیاسی لەوێ بەڵام ئەو شتەی کە دیارە و حاشاهەڵنەگرە ئەمانەیە: ئاوەدانی هەولێر و زۆنی زەرد، پێشکەوتنی پارتی و هەبوونی پرۆژەی سیاسی و ئابووری لە لای پارتیەو.

بەس یەک پرسیاری گرینگیش دێتە ئاراوە، ئەگەر لە کوردێک  کە لە باشوور و پارتی ڕەخنە دەگرێت و لە خۆڕا جنێو ئەدا بە ئەم کەس و ئەوکەس پرسیار بکەین بڵین باشە تۆ وەکوو تاکی کورد لە کام شار پێت خوشە کار بکەیت و ژیان بکەیت؟

بۆنموونە عەفرین؟ سنە وکرماشان و ورمێ؟ دیاربەکر؟ یان هەولێر؟ وڵام دان بەم پرسیارە زوربەی کێشەکان جێ بە جێ دەکات.

بەڵام شتێکی دیکەش لە باشوور هەیە کە پێم خۆشە باسی بکەم ئەویش هەڵەی ئێرانیە!

لە ئێران هەڵەیک لە لاێەن حکوومەت بوونی هەێە کە ئەویش Centralize یان ناوەندگرایە

تاران بووەتە قیبلەی ئێران، ژمارەی دانیشتوان لە تاران گەیشتووە بە ۲۰ ملیۆن  کەس. کێشەی هاتوچوو،پیس بوونی هەوا، بەرز بوونی کرێ خانوو و هەزار کێشەی تر درووس بووە. لە تاران ئاساییە ئەگەر مانگێ ۳۰ ملیۆن تمەن (۶۰۰ دۆلار) داهاتو بێت واتە سێ هێندەی شارەکانی دیکەی ئێران دەبێ هەمووی بدەی بە کرێ خانوو و کرێ هات و چوو.

چڕوپڕکردنی هەموو شتێک لە تاران ئەبیتە هوێ لاواز بوونی ئەو شارەکانی دیکە، هەزاران کێشەی ئابووری و ئەمنی لە داهاتوو دەخۆڵقێت ئەم مەترسیە ش لە حکوومەتی داهاتووی هەرێمیش بوونی هەێە.

هەڵەێکی تر لە ئێران هەێە ئەویش هەژماری فەرمانبەری دەوڵەتی لە ئێرانە. لە ئێران مووچەیکی زۆر بە ۳ تا ۴ ملیۆن فەرمانبەر تەرخان دەکرێت. با بڵین ئەگەر داهاتی وڵات لە فرۆشتنی نەوت و باج وەرگرتن لە خەڵک و کۆمپانیاکان  کەم بێت حکوومەت ئەبێ یان قەرز بکات و ئەم کەم وکۆڕی ئەبێتە هوێ کێشەی زیاتر. ئەم مەترسیە لە حکوومەتی هەرێم زۆرە ژمارەی مووچەخۆران و فەرمانبەران لەوێ زۆرە و گەیشتووە بە ۱٫۵ ملیۆن کەس بە وتەیک ۸۰ لە سەدی داهاتی هەرێم بۆ مووچە تەرخان دەکرێت نەک بۆ بیناسازی و خزمەتگۆزاری گشتی و درووستکردنی ژێرخانی ئابووری.

ئەمە کێشەێکی مەترسیدارە بۆ ئاڵ و گۆڕی ئابووری حکوومەتی هەرێم و دەبێ حکوومەت هەوڵ بدات بۆ گەشە سەندنی کەرتی تایبەت و دامەزراندنی کۆمپانیا و پاڵپشتی لە بەرهەم هێنان و کشت و کاڵ و ….

 

چە ند خاڵی گرینگ سەبارەت بە پەروەردە کردنی منداڵ

  • هەر بەڵینێک کە بە منداڵەکەتان دەدەن جێ بە جێ بکەن چ تەمێ کردن بێت چ هاندان
  • منداڵ دەبێ منداڵی بکات! ئاگادار بن هیچ کات نابێ پێش ٧ ساڵی بەشداری کلاسگەلی جۆرا و جۆر بێت.
  • ئەو منداڵانە وا ئاستی چالاکیان لە سەرەوەیە و فرە چالاکن دەبێ هانیان بدەین پێچ و مۆرە ببەستن یان سەرەگڵۆپ بکەنەوە.
  • لە قۆناخەکانی پەروەردە کردندا نابێ چاوەڕوانی وڵامی ئەرێنی بن. لەبەر ئەوەی منداڵ لە نەوەستان (نەوەسان) دایە.
  • بەو منداڵەی وا وەبەر تووڕەیی کەوتووە سەرنج بدەن تا ئەو منداڵەی وا توندوتیژی نواندووە.
  • دەرفەتی تەکینەوەی جۆش و خرۆش بە منداڵان بدەن
  • لەگەڵ بنەماڵەی خۆتان لەسەر گرینگ بوونی هاوکاری و پاڵپشتی کردن وتووێژ بکەن لەسەر هاریکاری جەخت بکەن
  • خۆتان لە کوتەک و لێدان بپارێزن
  • هۆکاری تووڕەیی منداڵەکەتان بدۆزنەوە
  • ئەگەر خۆتان تەکووز (ڕێکوپێک) نین زۆر چاوەڕوان مەبن منداڵەکەتان تەکووز و ڕێکو پێک  بێت. منداڵ پاش سێ ساڵ دەتوانێ تەکووز بوون فێر بێت. بە منداڵانی خۆتان وردەکاری لە فرم و شێوازی کایە کردندا فێر بکەن وەکوو کێبەرکێی گردەو کردنی کەل و پەل
  • هیچ کات لە ناوەڕاستی کارتۆنی دڵخوازیدا بەرنامەکەی لێ نەپچڕێنن
  • بە قسەی منداڵ گوێ ڕا بگرن چونکە منداڵ زۆر بێژە
  • منداڵ لەبککۆک و بیر بڵاوە هەندێ جاریش سەرنج نادا. سەرەتا سەرنجی ڕاکێشە تاکوو چاوت لێبکات پاشان بیدوێنە.
  • پشت لە منداڵی بۆڵەبۆڵکەر بکەن
  • بۆ هەر خراپەی کە منداڵ دەیکات سەرەتا جێگرەوەیێک بدۆزنەوە ئانجا (پاشان) بەرگری لێ بکەن. بۆ نموونە سەرەتا شۆکۆلاتی پێ بدەن پاشان چەقۆی لێ بسێتێنن.
  • دەبی ماوەی چاو لە تەلەڤیزیۆن کردن بۆ منداڵ دیاری کراو و سنوور دار بێت. لەبەر ئەوەی گۆڕینی بێ کۆتایی وێنەی جۆراوجۆر لە بەرچاوی منداڵەوە دەبێتە هۆێ گێژی و لەبککۆکی منداڵ 
  • لە ڕاهێنانی منداڵی خۆتان سەخت نەبن. باخەوان نەمامی کەم تەمەنی خۆی کە هێشتا ڕیشەی نەکوتاوە ناتەکێنێێ. کورد گوتەنی داری بەتەمەن هەرەس دەکرێت.
  • منداڵ لە تەمەنی یەک تا سێ ساڵان دەبێت لە پەستا جەخت وەربگرێت بە داخەوه ڕێک لەم قۆناخە زۆرترین پەیامی نەرێنی لە لایەن بنەماڵەیەوە وەردەگرێ. وامەکە، دەستی لێ مەدە، چاوی لێکە بزانە چیت کرد؟ ناتوانی، دەکەفی و هتێ  تر …
  • باشتر وایە کە منداڵ تا تەمەنی دوو ساڵان لە ژووری باوک و دایکیدا بنوێ و لە دوو ساڵیدا ژوورەکەی جوێ کەنەوە
  • ڕێگە مەدەن کە منداڵەکەتان لەبەر تەلەڤیزیۆنەوە نان بخوات. لەم کاتەدا مێشک ناتوانێت هاوکات لە گەڵ چاو لێکردن سرنجی ئەندازەی خۆراکەکە بدات دەبێتە هۆی فرە خواردن یان کەم خواردن کە قەلەوی یان لاوازی لێدەبێتەوە
  • منداڵ پاش چوار ساڵان لە مانای خاوەندارێتی تێدەگات. بەرلەوە توانایی هاوبەش کردنی کەلوپەلەکانی نییە و ڕەنگە ئەسپاوبازی منداڵانی دیکەش بێ ئیزنی ئەوان هەڵبگرێت. ‌هیچ کات پێ‌مەڵین ئەم ئیشەی تۆ دزیە!  
  • قەت مەجبووریان نەکەن ئەسپاوبازییەکانی خۆیان لەگەڵ منداڵانی دیکە هاوبەش بکەن
  • ماڵەکەتان بۆ منداڵە تەمەن ۶ ساڵانەکەتان ئامادە بکەن. لەم تەمەنەدا کونجاون! بۆیە کەلوپەلە شکستۆک و مەترسیدارەکان لە بەردەستیاندا لابەرن.
  •  

سەردەمی منداڵی تەنیا یەکجارە و دووپات نابێتەوە و قەت ناگەڕێتەوە. تێ‌بکۆشین ئەوان ژیانێکی بێترس و پڕ لە شادی ئەزموون بکەن. ئەوان نەهاتوون کە هیوا و ئامانجی ئێمە بەدی بهێنن.

کۆکردنەوەی شیوا خالیدیان (هاوسەرم)

ڕاوێژکاری: ئارش ئەمانی بۆ ڕێنووس کوردی

بیتکۆین خەونی ئێران ۆ ڕووسیا

ئەوە ڕاستە کە بیتکۆین بۆ ڕزگاری خەڵک لە ژێر دەسەڵاتی حکومەت و هەروەها دراوی فیات*  درووس بووه بەڵام لەم دواییانەدا هەندێ حکومەت وەکو ئێران یان ڕووسیا هەوڵیان داوە کە لە بیتکۆین لە ڕیگای ئامانجەکانیان کەڵک وەربگرن. لە ڕاستیدا لەبەر ئەوەی ئەم وڵاتانا سزای قۆرسی ئامریکا لە سەریانە و دەستیان بە دۆلاری ئامریکا ناگەێت هەوڵ دەدەن کە داهات و سامانی خۆیان لەگەڵ زێڕ و بیتکۆین بگۆڕن.

بەڵام هەندێک لەمپەر و کۆسپ لەسەر ڕێگای زێڕ هەیە کەباسی دەکەین، بۆنموونە گواستنەوەی زێڕ پێویستی بە ئاسایشی تایبەت هەێە و هەروەها ناردنی زێر بۆ ولاتێ دیکە ئاسان نیە. بەڵام بیتکۆین بە پێچەوانەی زێڕ بە خێرایی مامەڵە دەکرێت و لە چرکەیک ئەتوانی بۆ کۆمپانیا یا تاکەکەس ڕوانەی کەیت.

تەنانەت پاراستنی بیتکۆین پێویستی بە ئاسایش و پۆلیس نیە و لەناو جزدانی بیتکۆین (Bitcoin Wallet) ئەتوانی پاشکەوتی بکەیت. بەڵام پرسیار ئەوەێە کە ئایا مامەڵە کردنی حکومەت بە بیتکۆین ئاسانە ؟ یان کارێکی گۆنجاوە؟

سەرمایەی بازاڕ (Market Cap) بیتکۆین لە ئەوڕۆدا ۵۴۵ ملیارەها دۆلارە، دانان و کشانەوەێ بیتکۆین لەئاست و قەبارەی بەرزا بۆ نموونە مامەڵە کردنی نەوت وغاز دەتوانێ بە تۆندی نرخی بیتکۆین تووشی لەرزین و جووڵانەوە بکات، هەرئێستاش یەکی لە گەورەترین کێشەکانی مامەڵە کردن بە بیتکۆین ناجێگیری نرخی بیتکۆین لە چاو دۆلار و یورۆ و پۆندە.

هەروەها گواستنەوەی هەژماری زۆری بیتکۆین لە سەر تۆڕی بلۆکچەین شوێنی دیارە و شیکاری کردنی تۆڕی بلۆکچەین بۆ وڵاتێ وەکوو ئامریکا یا شەریکەی کەرتی تایبەت زەحمەت نیە.

لەبەرامبەر بیتکۆین ئەگەر چاو لە زێڕ بکەین سەرمایەی بازاڕی ١٣ تریلیۆن دۆلارە واتە ٢۶ جار زۆرتر لە بیتکۆین هەروەها مامەڵەکان(transaction)   لە سەر هیچ تۆڕێک بە ئاشکرا دیار نیە و ئەگەر ئێران و ڕووسیا بیانهەوێ لەژێر بایکۆتی ئامریکا بێنە دەرێ مامەڵە کردنی زێڕ زۆر کاریگەرترە.

گەرچی حکومەتەکان بۆ فشار خستنە سەر خەڵک پێیان خوەش نیە کە بیتکۆین و زێڕ بەکار بێنن و چاپ کردنی پارەی بێ نرخ بۆ ئەوان باشترە.

 

*پارەێک کە لە بانکی ناوەندی کە پشتوانەێ زێڕی نیە و تەنیا بە فەرمانی حکومەت چاپ دەبێ)