خەریکی خوێندنی کتێبی خانزاد میرژنی سۆرانم. ئەم کتێبە سەرکاو گۆرانی نووسیویە و بە شێوازی شانۆنامەیە. سەرکاو چەند کتێبی دیکەی نووسیووە کە دوو مانگ پێش ئێستا لەهەموو کوردستان و دەرەوەی وڵات بڵاو بوونەوە.
من سێ ساڵە سەرکاو دەناسم یەکم جار لە کڵاب هاوس و پاش شۆڕشی ژینابوو کە گوێبیستی سەرکاو بووم. لەم سێ ساڵە وابزانم ۳۰۰ یان تەنانەت ۴۰۰ کات ژمێر کڵاب هاوس و یوتیوب و تیک تاکم گوێ داوە هەڵبەت لایڤ و ڤیدیۆکان دەگۆڕم بە فایلی دەنگی و پاشان لە ناو ماشین یان لە سەرکار یان لە سڕەی دوکتور یان ….. گوێ ئەدەم . بە ڕاستی زۆر شتی لێ فێر بووم تەنانەت کوردیەکەشم لای ئەو ڕێک و پێک بوو لەبەر ئەوە ئاخافتنەکەی پێچەوانەی ڕۆشنبیرانی باشوور کەمترین وشەی عەرەبی تێدایە و کوردیەکەی پەتیە.
کاتی خوێندنی کتێبی خانزاد میرژنی سۆران دەکەومە بیری کتێبی قەڵای دمدم نووسینی عەرەبێ شەمۆ کە ئەویش باسی خانو لەپ زێڕین و میرنشینەکەی دەکرد لام وابوو هەموو میرنشینە کوردیەکان وەکوو یەکن.
زۆر حەزم لێیە وەکوو سەفەرێکی مێژوویی و خەیاڵی بگەڕێمەوە بۆ ئەو سەردەمە و سەردانی هەموو میرنشینە کوردیەکان بکەم بزانم چۆن ژیاون.ئەردەڵان، بابان، سۆران، بادینان، جەزیر و بۆتان، داسنی، حەکاری ومۆکریان و … کاتی باسی ئەم میرنشینانە دەکەم دەکەومە بیری کتێبی شەرەفنامەی بێدلیسی کەمێژووی ئەم ئەمارەتە کوردیانە بە وردی باس دەکات.
چیرۆکی خۆشی و دەوڵەمەندی و چاونەترسی کورد ، سوپای کورد و دڵخۆشی کورد هاوکاتیش چیرۆکی شەڕ و خەیانەت و ماڵ وێرانی.
هەندێ جار ئەڵێم زۆر شت ڕێگر بووە لەوەی کە تا ئێستا وڵاتمان نەبێت، هەڵبەت زۆر دڵخۆشم بەباشوور و ڕۆژئاڤا کە تا ئێستا وەکوو هەرێمێکی فێدێڕاڵ ناسراون.بەڵام ئەگەر ڕاستی بڵین ئێستا خاوەنی سەروەری سیاسی خۆمان نین و لە ژێر حوکمی چوار ۆڵاتی دیکەین.
یەک لەو هۆکارانە ویستی کوردە کە ئەمەش کەس باسی ناکات ، جگە لەوە هەوڵێکی بەربڵاو و ڕاستەقینەی بۆ سەربەخۆیی نەداوە پێشتر زۆر سوور نەبووە لە سەر دەوڵەتسازی هەڵبەت ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و نەتەوەی کورد هەستی بە بێ دەوڵەتی و دواکەوتوویی کردووە و پێم وایە ویستی کوردیش (خەڵک نەک حێزبی سیاسی) گرێ دراوە بە نیشتمانسازی و دەوڵەتسازی.
من لەو چەند کتێبە کە شانۆنامە بوون بەس کتێبی خانزادم کڕی و خەریکە تەواو دەبێت. هیوادارم ئێوەش پاڵپشتی سەرکاو بن و ئەم کتێبانە بکڕن لە سنە لە کتێب فرۆشی نالی هەیە. کتێبەکان ئەمانەن.
چەند شانۆنامە لە سەرکاو
لاس و خەزاڵ، ١٢۵ هەزار تمەن
پەریخان، ١٢۵ ت
خانزاد میرژنی سۆران، ١٢۵ت
میری میران، ١٢۵ت
مەولەوی تاوەگۆزی، ١٢۵ ت
زەمبیلفرۆش، ١٢۵ت
شێخی سەنعان، ١٢۵ت
کاوەی دووەم، ١٢۵ت
بڵاوگە: ڕێگا